پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی رۆژی پێنج شەممە دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان

لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی ٢٠٢٠دا کاردەکرێت بۆ ئەوەی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی لە رۆژی پێنجشەممەوە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆش هۆشداری دەدات.


لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، عەمید فەرەیدوون عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت "هەموو هەوڵێکمانداوە لە پێنجشەممەوە پۆلیسی هاتووچۆ بکەونەوە کارکردن و رای وەزارەتی ناوخۆش وایە کە بچنەوە سەر کارەکانیان".


بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەگەر پۆلیسی هاتووچۆ نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.


عەمید فەرەیدوون عومەر ئەوە دەخاتەڕوو کە داواکارییەکانیان رەوان، بەڵام ئەوە دۆخێکی گشتییە و هەموو چین و توێژەکان مووچەیان دواکەوتووە و تەنیا پۆلیسی هاتووچۆ نییە، دوێنێ مووچە دابەشکرا، داوا و تکا لە ئەفسەران و کارمەندان دەکەن پشوو درێژبن و بچنەوە سەر کاری خۆیان.

 
دەربارەی دۆخی هاتووچۆ لە سلێمانی لەو رۆژانەی کە پۆلیسی هاتووچۆ لەسەر شەقامەکان نەبوون، بەڕێوەبەی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت "پابەندبوونی خەڵک لە ئاستێکی بەرزدابووە بەبێ هەبوونی پۆلیسی هاتووچوو".

 
پۆلیسی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان ماوەی لە ١٥ رۆژە مانیان گرتووە.

 


PM:10:47:01/07/2020