دەسەڵاتدارانی عێراق زاوایەکی سەدام حسێن ئازاد دەکەن

لە چەند رۆژی رابردوودا دادگای عێرای جگە لە رافع عیساوی، سەرکردەی دیاری سونەی عێراق، هەریەک لە ئەفسەرێکی پلە باڵای رژێمی پێشووی عێراق‌و، زاوایەکی سەدام حسێنی ئازاد کرد.


دوای سێ رۆژ لە ئازادکردنی رافع عیساوی کە تۆمەتی " تیرۆر"ی خرابووە پاڵ و گەڕایەوە عێراق و دادگا ئازادی کرد، هەریەک لە عەمید بەرزان عەبدولەغەفور تکریتی فەرماندەی گاردی کۆماری لە باشووری عێراق، کە شیعەکان تۆمەتباری دەکەن بەوەی دەستی هەیە لە سەرکوتکردنی راپەڕینەکانی ساڵی ١٩٩١ ی شیعەکاندا دوای ١٧ ساڵ زیندانیکردن ئازادکرا.

 
بەرزان عەبدولغەفور تکریتی کە فەرماندەی گاردی کۆماری تایبەت بووە لە ئێستادا ٦٠ ساڵە و برای لیواروکن روکان عەبدولغەفور پاسەوانی تایبەتی سەدام بووە.
ناوبراو یەکێک بووە لەو لیستەی سەرانی رژێم کە لەلایەن ئەمەریکاوە داواکرابوو، ناوی ئەم ١١ هەمین داواکرابوو لە ٢٣ تەموزی ٢٠٠٣ دا دەستگیرکراو دادگای عێراق ١٧ ساڵ زیندانی کرد.

 
هەروەها سێ شەممە دەسەڵاتدارانی عێراق موقەدەم جەمال مستەفا سوڵتان، زاوای سەدام و هاوسەری کچە بچووکەکەی ( حەلا ) یان ئازادکرد کە ژمارە ٤٠ لیستی ئەمەریکی بووە، ئەم دوای روخانی سەدام هەڵهات بۆ سوریا، بەڵام لە ٢٠٠٣دا گەڕایەوەو دەستگیرکرا.


( رافع عیساوی) یش وەزیری دارایی پێشووتر کە بە تۆمەتی " تیرۆر " هەفتەی پێشوو خۆی رادەستی دادگاکردو دواتر لەو تۆمەتە رزگاری بوو، لە ئێستادا چەند تۆمەتێکی گەندەڵی لەسەروو لە ئایندەدا دادگایی کردنی لەسەر ئەو دۆسیانە دەستپێدەکاتەوە. 

 


AM:01:24:02/07/2020