حەوت چالاکی کورد حوکمی سێدارە و بەندکرانیان بە سەردا سەپێنرا

مەحیەدین تازەوارد، چالاکی مەزهەبی سوننی خەڵکی شنۆ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیە سزای سێدارەی بە سەردا سەپا و شەش چالاکی دیکەش سزای بەندکرانیان بۆ بڕایه‌وه‌.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دانیشتنی دادگای حەوت چالاکی مەزهەبی کورد لەلقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بەڕێوە چوو و مەحیەدین تازە وارد خەڵکی شنۆ بە تۆمەتی "موحاربە" سزای سێدارەی بە سەردا سەپا.

هەروەها شەش چالاکی دیکەش سەرجەم سزای ٣٣ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە، سزاكەش ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی ته‌مموزی ٢٠٢٠، بە فەرمیی پێیان راگەیەندراوە.

شەش کەسی دیکە بە شێوەی خوارەوە حوکم دراون:

1_ عەبدوسەلام مەردان کوڕی محەمەد و خەڵکی شنۆ بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە توندئاژۆ مەزهەبییەکان" حوکمی ١٠ ساڵ بەندکران.

2_ حیسام محەمەدی خواجلو کوڕی حەسەن و خەڵکی شنۆ بە تۆمەتی "پڕووپاگەندە دژی نیزام" حوکمی یەک ساڵ بەندکران.

3_ نیزام نادری کوڕی رەحمان و خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی "پڕووپاگەندە دژی نیزام" حوکمی یەک ساڵ بەندکران.

4_ عەلی رەزا فەتاح مورادی کوڕی سدیق و خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە توندئاژۆ مەزهەبییەکان" سزای ١٠ ساڵ بەندکران.

5_ جەلال روستەمی نەورووزلوو کوڕی ئەبووبەکر و خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی "پڕووپاگەندە دژی نیزام" حوکمی یەک ساڵ بەندکران.

6_ مەلا رەحمەت نسووحی خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە توندئاژۆ مەزهەبییەکان" سزای  ١٠ ساڵ بەندکران.

ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردە پاییز و زستانی ٢٠١٨ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرانەوە. 

ئێستا تەنیا مەحیەدین تازەوارد لە بەندیخانە راگیراوە و شەش کەسی دیکە بەهاری ئەمساڵ چوونەتە مرەخەسی و بە شێوەکی کاتی ئازادن.

جێگای ئاماژەیە کە بریەکی مەحیەدین تازەوارد بە ناوی "فەرهاد تازەوارد" نێوەڕاستی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لە سێ سنوور لە ئەنجام بوردمانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا گیانی لە دەست دابوو.
 


PM:10:11:02/07/2020