"لە سیدەکان سوپای تورکیا داوای بارەگاکانی پارتی دەکات "

سوپای تورکیا هێزی زیاتر پەلکێشی ناوچەی سیدەکان دەکات و ماڵپەڕێکی نزیک پەکەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو هێزەی تورکیا داوای بارەگاکانی پارتیان لەو دەڤەرە کردوە.

 
ماڵپەڕی " رۆژ نیوز " ی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەواڵێکیدا بڵاویکردۆتەوە، ئاشکرای دەکات" سوپای تورک هێزی زیاتری هێناوەتە دەڤەری برادۆست، داواشی لەو بارەگایانەی پێشمەرگەی پەدەکە کردووە کە لەنزیک بارەگانی سوپای تورکن شوێنەکانیان بۆ ئەوان بەجێ بهێڵنن".

 
هەروەها هاتووە "بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ سوپای تورک هێزێکی زۆری بۆ گوندەکانی خەلیفان و گوڕە و شێربێگە، هێناوە لە دەڤەری بردۆست، هەڕەشەشیان لە پێشمەرگەکانی پەدەکە کردووە، کە بارەگانیان بۆ سوپای تورک بەجێ بهێڵن".

 
ماوەی دو هەفتەیە لە قۆڵی زاخۆشەوە بە پانی ٤٥ کم و قوڵی نزیکەی ٢٠ کم سوپای تورکیا هاتونەتە خاکی هەرێمی کوردستانەوەو زیاتر لە ١٢ بنکەی سەربازیان کردۆتەوەو، ١٥٠ گوندی هەرێمی کوردستانیش چۆڵیان کردووە.




PM:09:43:03/07/2020