به‌هۆی كه‌می كاره‌با دانیشتوانی ناحیه‌ی بازیان خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا

بەهۆی کەمی کاتژمێرەکانی کارەباوە، بەشێک لە هاوڵاتیانی ناحیەی بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامداو خۆپیشاندەران ڕێگای سەرەکی سلێمانی-کەرکوکیان داخست.

 

بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی گرفت و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان، دانیشتوانی ناحیەی بازیانی سەر پارێزگای سلێمانی، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و لە ئێستادا ڕێگای سەرەکی، سلێمانی ـ کەرکوکیان داخستووە و ڕێگا بە هاتووچۆکردن نادەن.

 

لە خۆپیشاندانەکەدا هاوڵاتیانی دانیشتوی ناحیەی بازیان باس لەئەوەدەکەن" کارەبای نیشتیمانییان بۆ کردوون بە جۆزەی ٢٠ ئەمپێری، بەڵام هێشتا کێشەی کەمی کارەبایان هەیە".

 

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ وەزارەتی كارەبا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد كە ١٨٠ مێگاوات كارەبا لەوێستگەی غازی و هەردو وێستگەی كارۆئاوی دوكان و دەربەندیخان زیادكرا.

 

لە ماوەی رابردووشدا، لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم و بازیانیشدا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە بەرامبەر نەبونی هەلیکار و خزمەتگوزارییەکان بەڕێوەچو. 



 

 


PM:12:58:04/07/2020