هەڤاڵ ئەبوبەکر: لەو باوەڕەداین ٣٠٠ هەزار کەس لە پارێزگای سلێمانی توشی کۆرۆنا بوبێت

پارێزگاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند " لەو باوەڕەداین لە سنوری پارێزگای سلێمانی ٣٠٠ هەزار کەس توشی کۆرۆنا بوبێت".

 

لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی ( رووداو )، پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر، ژمارەی توشبون بە کۆرۆنا لە پارێزگاکەدا راگەیاند و وتی" ٣٠٠ هەزار کەس توشی کۆرۆنا بون کە بەشێکیان هەڵگری ڤایرۆسەکەن".

 

هەروەها وتی " رێژەی مردن زۆر کەمەو ئەوانەی گیانیشیان لەدەستداوە زۆریان نەخۆشی تریان هەبووە".

هەر لەو بەرنامەیەدا، د. فرسەت سۆفی لەبارەی ژمارەی توشبونەوە لە پارێزگای هەولێر، رایگەیاند" هەموو ئەو کەسانەی لە پارێزگای هەولێر تووشی کۆرۆنا بوون لە ژێر کۆنترۆڵدان و ئەوانەن کە لە نەخۆشخانەکانی هەولێر لەژێر چاودێری پزیکشکیدان".

 

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ شێخ عەبدوڵا سەنگاوی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی"
 
کۆی گشتی مردوان بە کۆرۆنا لە سلێمانی ١٩٧ کەسن کە ٦٥ کەسیان خەڵكی دەرەوەی شاری سلێمانین و ١٣٢ کەسی دیکەشیان دانیشتوی ناو شاری سلێمانین". 

 

لە دوا راگەیاندنی دوێنێ وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش لەسەر ژمارەی توشبوان ئاشکرای کرد" تا ئێستا لەسەرتاسەری هەرێم تووشبوون ٦٨٤٤ کەسن، (١٥٧٢ هەولێر، ٤٨٩١ سلێمانی، ١٨٣ دهۆك، ١٩٨ هەلەبجە)".

 

پارێزگاری سلێمانی لەسەر ئەو ژمارەیەی ئەمڕۆ رایگەیاند، نەگەڕایەوە بۆ پشت بەستن بە داتایەکی دەزگایەکی تەندروستی هەرێم، یان سلێمانی، یان توێژینەوەیەک.

 

ئەوە لە کاتێکدایە لە زۆر ولآتی پێشکەوتی وەکو چین کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی یەک ملیار و نیوەو، پشکنینێکی زۆریش لەنێو خەڵکی ولآتەکەیان ئەنجام دەدەن، بەلآم هێشتا نەگەیشتوونەتە ١٠٠ هەزار توشبو.

 

 



PM:01:33:04/07/2020