ئەگەری ئەوە لە ئارادایە پێشمەرگە بەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک‌و ناوچە جێناکۆکەکان، بەرەی تورکمانی دژە

زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کازمی رەزامەندی پێشانداوە کە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی پاریزگای کەرکوک، بەلآم تا ئێستا ژمارەو میکانیزم و شوێنەکانی نادیارن، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە بەرەی تورکمانی بەتوندی بەرامبەر وەستایەوە.

 

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی و فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق رەزامەندیان پێشان داوە کە هێزی پێشمەرگە بەگەرێنەوە بۆ ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و لیژنەی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگەو سووپای عێراق ببوژێنرێتەوە، بۆئەوەی هەردوولا ئەو بۆشاییەی ئەمنییە پڕبکەنەوەو کە داعش لێیەوە هێرشدەکاتە سەر ناوچەکەو دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان.

 

دەربارەی ژمارەی ئەو هێزانەو لەکوێ نیشتەجێدەکرێن، هەروەها کام یەکەی پێشمەرگە دەبێت، لیوا یەکگرتووەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، یان یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ ی یەکێتی و پارتی، ئایا لایەنەکانی کەرکوک و شیعەو سونەکانی عێراق قبوڵی دەکەن و فشاری سیاسی دروستناکەن، تا ئێستا هیچ زانیارییەک رۆشن نییە لەسەر ئەو پرسانە.

 

لەیەکەم کاردانەوەدا سەرۆکی بەرەی تورکمان، ئەرشەد ساڵحی زۆر بەتوندی دژی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکوک وەستاوەتەوەو رایگەیاند" بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بڕیارێكی تاكڕەوانە‌و بە تەوافوق لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەو بڕیارەی داوەو، خەڵكی كەركوك نایانەوێت بگەڕێنە بۆ سەردەمی رفاندن و تیرۆر، كە بەر لە ئۆپراسیۆنی سەپاندنی یاسا لە ساڵی 2017، كەركوك بەخۆیەوە بینیوە".

 

هەر بۆ ئەو مەبەستە، ئه‌مڕۆ لیژنه‌یه‌كی باڵای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری‌ گشتی‌ وه‌زاره‌ت سه‌ردانی فه‌ریق عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری جێگری فه‌رمانده‌یی گشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراقیان له‌ به‌غدا كرد.

 

میدیاکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە " وه‌فده‌ باڵاكه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ‌ جێگری فه‌رمانده‌یی گشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق له‌سه‌ر دروستكردنی 4 ناوه‌ندی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ هاوبه‌ش له‌ موسڵ‌ له‌ (كه‌سك)، مه‌خمور له‌ (مه‌خمور)، كه‌ركوك له‌ (كه‌یوان) و خانه‌قین له‌ (معه‌سكه‌ر كوبری) له‌ سه‌عدیه‌ گفتوگۆیان كرد و هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ رێككه‌وتن و بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ داهاتوودا بڕیاری‌ كۆتایی بده‌ن".

 



PM:03:53:06/07/2020