هۆکاری دواکەوتنی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا ئاشکرا دەبێت

هەرچەندە بڕیار بوو وەفدی هەرێم ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە جارێکی تر سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی بگات بە رێککەوتن و کۆتایی بە کێشەی نەوت و بودجەی هەرێم بهێنرێت، بەلآم کۆبوونەوەکان و سەردانەکان دواکەوت، هۆکارەکەشی وەفدی کوردی نییە، بەڵکو حکومەتی بەغدا ئامادەی پێشان نەداوە جارێک بۆ سەردانی وەفدەکە.

 

بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی " سپی " حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ عێراق تەماشای گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات، کە ئەم تێڕوانینەش بەشێکە لە بەرنامەی کاری حکومەتی کازمی و لە پلاندایە دەسەلآتی حکومەتی ناوەندی بەگەڕێتەوە بۆ سەرجەم دەروازە سنوریەکان و ئاسمانییەکانی هەموو عێراق لە ناویشیاندا دەروازەکانی هەرێم.

 

لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی حکومەتی کازمی، زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە حکومەتی ناوەندی داوای لە حکومەتی هەرێم کردووە کە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بەپێی دەستوری عێراق بگەڕێتەوە بۆ سەرجەم دەروازەکان بە دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و باشماخ و سەرجەم دەروازەکانی تر. شێوازی گەڕانەوەکە سەرەتا لەگەڵ هەرێمدا هەوڵدەدات لە رێگای گفتوگۆ و رێککەوتنەوە بێت، ئەگەر بەغدا نەگەیشتە رێککەوتن لەگەڵ هەرێم، ئەو دەمە بەگدا پەنا بۆ شێوازی تر دەبات لەوانەوە رێککەوتن لەگەڵ تورکیا و ولآتانی دراوسێ تر و، ناردنی هێزی فیدراڵی بۆ سەرجەم دەروازەکانی ژێر هەژموونی پارتی و یەکێتی لە هەر سێ پارێزگای دهۆک و هەولێرو سلێمانی.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە خاڵی گرنگی ئەم سەردەمەی گفتوگۆی بەغدا لەگەڵ هەرێم پرسی دەروازەکانە، نەک پرسی نەوت کە وەک لای هەرێم پرسی یەکەمە.

 

هەرچەندە وەفدی هەرێم هیچ لێدوانێکی لە بارەی دواکەوتنی سەردانی وەفدەکەوە بۆ بەغدا روونکردۆتەوە، بەلآم لە رۆژانی داهاتودا ئەو زانیاریانە ئاشکرا دەبن و داوا کاریەکانی عێراقیش لەهەرێم دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆی نێوان هەردوولا.

 



PM:10:24:07/07/2020