مەزڵوم کوبانێ ناوەرۆکی گفتوگۆی لەگەڵ فەرماندەی سەربازی روسیا لەسوریا ئاشکرا دەکات

فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، مەزڵوم کوبانێ ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای روسیا له‌ سوریا ئاشكراكرد و رایگەیاندووە لەسەر دوو پرس رێککەوتوون.




لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لەبارەی گفتوگۆکانی لەگەڵ  ئه‌لێكسه‌نده‌ر چایكۆ، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی روسیا له‌ سوریا، مه‌زڵوم كۆبانێ‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات نوسیویەتی "یه‌كێك له‌ پرسه‌كان  پێشێلكردنی رێككه‌وتنی 23ی تشرینی یه‌كه‌م بوو له‌لایه‌ن توركیاوه‌، هه‌روه‌ها تیرۆركردنی سێ ژنه‌ چالاكوانی كورد له‌ كۆبانێ‌".  


فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەشڵێت ‌" له‌گه‌ڵ‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ روسیا له‌ سوریا "له‌سه‌ر به‌رزكردنی ئاستی هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌ش ڕێككه‌وتین و سوپاسمان كردن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كان".

 

ئەمە یەکەمجارە لەم ئاستەدا رووسەکان لەگەڵ فەرماندەی گشتی هەسەدە کۆببنەوە. 

 

ئەم کۆبوونەوەیە بەیەکێک لە کۆبونەوە گرنگەکان دادەنرێت لەنێوان فەرماندەی هەسەدەو فەرماندەی روسیا لە سوریا، بەو پێیەی تا ئێستا هەسەدە لە بەرەی هاوپەیمانی ئەمەریکاو رۆژئاوادایە.

 


PM:05:47:08/07/2020