چوار تووشبووی تری کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا

ئەمشەو بەهۆی كۆرۆناوە هاووڵاتیەكی دانیشتووی قەزای سەیدسادق و سێ تووشبووی تری دەڤەری ئیدارەی ڕاپەڕین گیانیان لەدەستدا.

بەڕێوەرایەتی گشتی تەندروستی ئیدارەی راپەڕین ئەمشەو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، دوای داخڵبون و مانەوەیان بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ لەسەنتەرو نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا، بەداخەوە سێ هاوڵاتی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچی دواییان کرد.

لەبارەی تووشبووەکان تەندروستی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەکردووە: تووشبووەکان پێکهاتوون لە دوو پیاو و ئافرەتێک کە تەمەنیان (٦٣ و ٤٩ و ٦٦) ساڵان بوون و دانیشتوی ڕانیە و قەڵادزێ و حاجیاوا بوون، سەرجەم کۆچکردوەکان لەگەڵ ئەوەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نەخۆشی درێژخایەنیشیان هەبووە.

 

لەسەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین تائێستا دوانزە کەسی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەڤەرەکە گیانیان لەدەستداوە.
 
هاوکات هەر ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا قائیمقامیەتی دەڤەری سەیدسادق ڕایگەیاند" پیاوێکی تەمەن ٦٢ ساڵ کە خەڵکی ئەو قەزایە و دەوروبەری ئەو شارۆچکەیە پاش ماوه‌ی چه‌ند رۆژێک داخڵبوون و خه‌واندنی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانی ئەمشەو بەهۆی نەخۆشی کۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا". 

وتیشی" بە گیان لەدەستدانی ئەو ھاووڵاتییە ژمارەی گیان لەدەستدان لە سەیدسادق بوو بە ١٢ كەس كە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە".

 

هەروەها لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا قایمقامیەتی قەزایی سەیدساق پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە كرد و داواشیكرد، کە هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بن و خۆیان بپارێزن.

 


AM:12:04:09/07/2020