تەندروستی هەرێم لەبارەی نەگەیاندنی هاوكارییەكانی تەندروستی عێراق بۆ سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی قسەكانی رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری عێراق سەبارەت بە ھاوكارییەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ پارێزگای سلێمانی روونكردنەوە دەدات و دەڵێت" هاوکاریەکان لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بێت یان هەر لایەنێکی نێودەوڵەتی بۆ هەمو شوێنەکان لەسەر هەمان فەرمانی وەزاری بە فەرمی و شەفافیەتەوە دابەشکراوە".

 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممە وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رای‌ گه‌یاندووه‌" سەبارەت بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ لەلایەن دەزگای (کیمادیا) بە سیستەمێکی ڕاستەوخۆ بۆ کۆگاکانی پارێزگاکان ڕەوانە دەکرێت ئەگەر هاوکاری یان بەشە دەرمانی هەرێمی کوردستان بێت بەهیچ شێوەیەك نایەتەوە هەولێر". 

 

دەقی روونكردنەوەی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان:

دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانێکی پەرلەمانتاری عێراقی (ڕێزان شێخ دلێر) لە سۆشیاڵ میدیا گوایە هاوکاریەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق نەگەیشتووە بە پارێزگای سلێمانی، بۆ ئەم مەبەستە بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ئاگادار بکەینەوە کە هاوکاریەکان لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بێت یان هەر لایەنێکی نێودەوڵەتی بۆ هەموو شوێنەکان لەسەر هەمان فەرمانی وەزاری بە فەرمی و شەفافیەتەوە دابەشکراوە.

سەبارەت بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی  لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ لەلایەن دەزگای (کیمادیا) بە سیستەمێکی ڕاستەوخۆ بۆ کۆگاکانی پارێزگاکان ڕەوانە دەکرێت ئەگەر هاوکاری یان بەشە دەرمانی هەرێمی کوردستان بێت بەهیچ شێوەیەك نایەتەوە هەولێر.

سەبارەت بە هاوکاریە ماددیەکانی تەندروستی عێراق کە بڕی (٥,٣) سێ ملیار و پێنچ سەد ملیۆن دینار بوو بۆ هەر پارێزگایەك (١) یەك ملیار دینار دانرابوو لەگەڵ (٥٠٠) ملیۆن دینار بۆ دیوانی وەزارەت بەڵام لەسەر فەرمانی بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێم تەنانەت ئەو بودجەیەش بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی تەرخانکرا بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین. لەگەڵ ئەوەی چەندین جاری تر بوددجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەرزترین ڕێژە بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرجکراوە سەرەڕای دابینکردنی بوددجەکانی دیکەی زیادەکی تایبەت بۆ سلێمانی کە دواهەمین جاریان دوو هەفتە بەر لە ئێستا بوو بە بڕی (٢) دوو ملیار دینار لە لایەن بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕەوشی کۆڕۆنا لەم سنوورە دابینکرا، وە بودجەی تایبەت بۆ قەزای دەربەندیخان و قەزای پێنجوێن دابینکراوە لە کاتێکدا هێچ بودجەیەکی تری تایبەت بۆ هیچ پارێزگا و قەزایەکی تر دابین نەکراوە، هەموو ئەو بڕە پارانەش بە نوسراوی وەزارەتی دارایی تەرخان کراوە و دابەشکراوە.

لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێم هاوکاری دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان،وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا تەرخان بکرێت بۆ شاری سلێمانی، ئەمە جگە لەوەی هاوکاری و پاڵپشتیکردنی نێوان پارێزگاکان بەردەوام هەیە لە (مناقلة) کردنی هەر پێداویستیەك لە نێوان پارێزگاکان لە پێناو ڕانەوەستانی خزمەتگوزاریەکان وەکو تێستی تاقیگە و پێداویستیە پزیشکیەکان ئەمەش ئەم راستیە دەردەخات کە بۆ خزمەتگوزاری مرۆیی هیچ جیاکاریەك ناکرێت لە نێوان هیچ شوێنێك چونکە بۆ نەخۆش و ‌هاوڵاتیە لە هەر شوێنێك بێت، بەڵام بەداخەوە ئەم پەڕلەمانتارە بەڕێزە بۆ چەواشەکردنی ڕاستیەکان و شێواندنی ئەو خزمەتە گەورەیەی حکومەتی هەرێم لە پێناو دروستکردنی جیاکاری بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی شەقام بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆی هەوڵێکی نەزۆك دەدات بوختان و فیتنە بخاوتە ناو ئەم کارە مرۆییە پیرۆزە لە کاتیكدا دەیتوانی پرسیاری لە بەڕێز وەزیری دارایی بکردایە یان بەرپرسی کۆگای ناوەندی دەرمانی هەرێم کە هەر خۆی سەربەلایەنی فڕاکسیۆنەکەی خۆیەتی کە ئایا هاوکاری و پێداویستیەکان چۆن دابەشکراوە و یان ئاماژەی بە لێدوانەکانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بکردایە کە لە چاوپێکەوتنەکان چۆن سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەهاناوەهاتنی شاری سلێمانی، وە دوای ئەو لێدوانە لە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز وەزیری تەندروستی هەرێم بەڕێز (د. حسن التمیمي) نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو قسانەی بە ناوی بەڕێزیان کراوە.

لە کۆتاییدا ئومێدەواربووین کە ئەم بەڕێزە لە کاتی سەردانی بۆ لای بەرپرسانی عێراق هەوڵی دابینکردن و هاوکاری کردبا نەوەك داوای جیاکاری و شێواندنی ڕاستیەکانی کردبا ئێمەش وەك وەزارەتی تەندروستی بە ئەرك و کاری خۆمانی دەزانین خزمەتگوزاری و پێداوستی بۆ هەموو هەوڵاتیەك لە هەرێمی کوردستان دابین بکەین لە هەمان کاتیشدا گرنگە هاوڵاتی بەرچاوی ڕوون بێت و ڕاستیەکان وەك خۆی بزانێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی        

حکومەتی هەرێمی کوردستان           

٩ تەمووز ٢٠٢٠



PM:02:57:09/07/2020