مەرزی باشماخ بەشێوەیەكی كاتی داخرا

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و هۆبەی راگەیاندنی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی باشماخ ڕایدەگەیەنێت" بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر لەسەر فەرمانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم مەرزی باشماخ داخرا".

 

موختار حاجی عەلی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و هۆبەی راگەیاندنی سنووری نێودەوڵەتیی باشماخ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی هاتنی مورید و دەروێشەكانی شێخ محەممەدی كەسنەزانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، بڕیاری داخستنی سنووری نێودەوڵەتیی باشماخی بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر داوە".

 

وتیشی" داخستنەکە لە کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ ئێوارەی سبەی کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە دەبێت، هاوکات هاتووچۆ و سەرجەم جووڵە بازرگانییەکانیش رادەگیرێن".

 

ئەو بڕیارەش لەكاتێكدایە بەمەبەستی پێشوازیكردن لەتەرمی شێخ محەمەد شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی، ئەمڕۆ بەهەزاران دەروێش لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بێ پشكنینی كۆرۆنا هاتنە هەرێمی كوردستان، هاتنی ئەو دەروێشانەش بۆ شاری سلێمانی لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم چەندین رێكاری بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا گرتۆتەبەر.

 

رۆژی ٤ی تەممووزی ٢٠٢٠، شێخ محەممەدی شێخ عەبدولکەریم کەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.

 
 

 

 



PM:06:19:09/07/2020