وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند " ئەگەر رێکاری تەندروستی و خۆپارێزی بۆ هاتنی ئەو دەروێشانە لە خاکی ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەگیرێتەبەر، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا رەنگە کارەسات رووبدات".
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا. محەممەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیاند، " دوای هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی دەروێشانی تەریقەتی قادری لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەبێ پشکنین و پاسپۆرت، دەروازەی سنووری باشماخ و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی ئاگادارکراوەتەوە لە ئەگەری "روودانی کارەساتی تەندروستی لە سلێمانی".
سەبارەت بەو رێنماییانەی کە پێویستە دوای هاتنی ئەو دەروێشانە بگیرێنەبەر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ماڵپەڕی " رووداوی " راگەیاندووە "دەبێت پشکنینی کۆرۆنایان بۆ بکرێت و رێگە لە گردبوونەوەیان بگیرێت، ئەگەر ئەو رێکارانە جێبەجێ نەکرێن، رەنگە دوای دوو هەفتەی دیکە لە سلێمانی کارەسات رووبدات، چونکە گوماندەکرێت کە ژمارەیەک لەو دەروێشانە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنابن".