راگەیەنراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی كوردستان

دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە.

دەقی راگەیەنراوەكە:

سەرکەوتنی لیستی یەکێتی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوە و ھەڵکشانی دەنگەکانی . لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەر سێ پارێزگادا ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتین و لە قۆناغە چارەنوسسازەکاندا پشت و پەنا و سەرچاوەی ھێزی لە بن نەھاتوی یەکێتییەکەیانن.
دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێز مام جەلال و لەسەرجەم مەڵبەندەکان و تێکۆشەرانی دەکات و لە سلێمانی شاری ھەستانەوە و ھەولێری ھەموان و بادینانی پێکەوە ژیان و ھەڵەبجەی شەھید و پشدەری قەڵای یەکێتی و کۆیەی سەرمەشق و سۆران و باڵەکایەتی خوێن سەوز و گەرمیانی ھەمیشە ئازا و دڵسۆز و شارەزوری لانکەی شۆڕش و پێنجوێن و چەمچەماڵ.
 تێکۆشەرانی ئەم ڕێبازە حەقی خۆیانە شانازی بە یەکێتی بوونی خۆیانەوە بکەن دەستی قەدرزانی بۆ ھەمو ئەو دڵسۆز و وەفادارانە درێژ بکەن و چاکەیان بە خزمەتکردنی زیاترو چارەسەرکردنی کێشەو کەموکوڕیەکانیان بدەینەوە.
 مام وتەنی لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتن نەخەوین و دروشمەکانی ئارامی شار و خۆشگوزەرانی بۆ ھەموان لە مەیداندا بچەسپێنین و جەنگاوەری ئاوەدانی و خزمەتگوزاری زیاتر بین.
سڵاو و پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و لە پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان و شەھیدانی زیندو لە زیندانیە سیاسەیەکان و  خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و گەنجانی خوێن گەرم و نەسرەوتی یەکێتی و ژنانی بە ئەمەک و ھەموو تێکۆشەرانی ڕێبازی یەکێتی بە ماندوبوونی بێسنور و لێبوردەییان لە کەموکوڕیەکانمان بەو دڵەگەورەیەیان ئەم سەرکەوتنەیان بۆ کوردایەتی تۆمار کرد .
سڵاو و پیرۆزبایی گەرممان بۆ چاودێرە وریاو ئازاکانمان و ھەموو ئەوانەشی لە پشتەوە ھاوکاریان بوون کە لە ڕۆژی دەنگدان و ڕۆژانی تردا سەرسەختانە بەرگریان لە یاسا و دەنگی ھاوڵاتیان کرد و ڕێگەیان نەدا دەنگی  یەکێتی بە لاڕێدا بڕوا ،ھەموویان جێی شانازین بۆ یەکێتیەکەیان .
سڵاو و پیرۆزبایی لە ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکارانی و سەربازانی یەکێتی کە ڕاستگۆیانە لە ڕیی کەناڵە جۆراو جۆرەکانەوە پەیامی راستگۆیانەیان گەیاندە تاک بە تاکی خەلکی کوردستان
شەھیدە نەمرەکان ، ئاسودە بن پەیامەکەتان و ئاڵاکەتان بەرزو شەکاوەیە و کاروانی ڕێبازتان ئاوەدانە.
سەرکەوتن بەردەوامە   
 
دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان




PM:02:17:22/05/2014