مەسرور بارزانی سەردانی سلێمانی دەکات

بڕیارە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەفتەی داهاتوودا سەردانی سلێمانی بکات.

 

بەپێی زانیارییەکانی "سپی" تا ئێستا یەکلا نەبۆتەوە کە سبەی شەممە یان یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانی سلێمانی دەکات، بەڵام لەو دوو ڕۆژەدا سەردانی سلێمانی دەکات.

 

تا ئێستا بەرپرسی میدیای حکومەت هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بۆ شاری سلێمانی بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی "سپی" لە سەردانەکەیدا چەند دیدارێک لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدات.

 

ئەمە یەکەم جارە لەماوەی چەند ساڵێکدا کە کابینەی نۆیەمی حکومەت پێکهێنراوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانی سلێمانی بکات.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە دووبەشی سەرەکی حکومەت پێکدێنن و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە لە لیستی پارتی تا ئێستا لە دۆخێکی ئاسایی دا نییە. 



PM:12:36:10/07/2020