بڕیارە سبەی شەممە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە لە پردی تاسڵوجە دەستپێدەکات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان بڵاویکردەوە، جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی شەقامی ١٠٠ مەتری شاری سلێمانی دەستپێدەكات، لە قۆناغی یەكەمیشدا شەقامەكە ٣٢ كیلۆمەترە و لە پردی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات و لەگوندی دەمركان كۆتایی دێت.
بەپێی زانیارییەکان، وا بڕیارە سبەینێ شەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگای سلێمانی بکات و بەشداری بکات لە دانانی بەردی بناغە و دەستپێکردنی ڕێوڕەسمی شەقامی ١٠٠ مەتری شارەکە.
شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی لە ساڵی ٢٠١١وە دەست بە دیزاین و ئامادەکارییەکانی کراوە و ماوەی شەش ساڵیشە بەردی بناغەی دانراوە، بەڵام تائێستا کارەکانی پڕۆژەکە دەستیپێنەکردووە.