مستەفا کازمی بۆ هەموو گەندەڵەکان: هیچ شوێن پێیەکتان لە دەروازە سنوریەکان ناهێڵین

لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی هەردوو دەروازەی مونزریەو مەندەلی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی دەروازەی مەندەلی کردو وتی " بۆ هەموو گەندەڵەکان: هیچ شوێن پێیەکتان لە دەروازە سنوریەکان ناهێڵین".


ئەمڕۆ دوای کۆنترۆڵکردنی هەردوو دەروازەی مەندەلی و مونزریە لە پارێزگای دیالە، لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆر و هێزێکی حەشدی شەعبی سەر بە فەرماندەیی گشتیەوە، کازمی سەرۆک وەزیر، سەردانی دەروازەی مەندەلی کرد و، لە وێوە بە میدیاکارانی راگەیاند" قۆناغی گەڕانەوە یاساو رژێم دەستیپێکرد، چیتر ناهێڵێن موڵک و ماڵی گشتی لەم دەروازانەوە بدزرێت، هێزە ئەمنییەکان فەرمانیان پێیە کە تەقە لەو کەسانە بکەن کە پێشێلکاری دەکەن.

 
هەروەها وتیشی " سەردانەکەمان بۆ ئەو دەروازەیە نامەیەکە بۆ هەموو گەندەڵەکان و ئەوان جێگایان نییە لەم دەروازانەدا".


هەردوو دەروازەی مونزریەو مەندەلی پێش کۆنترۆڵکردنی ئەمڕۆ شەممە بەفەرمانی کازمی، لەلایەن چەکدارانی بەدرەوە بەڕێوە دەبران و چەندان گەندەڵی گەورەی تێدا دەکراو، چەندانجار بۆتە پرسی پەرلەمان و دەزگاکانی دەستپاکی لە عێراقدا.

 


PM:12:40:11/07/2020