بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەستی لەكاركێشایەوە

د. دۆستی نەجات عوسمان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای سلێمانی كە تایبەتە بە تووشبووانی شێرپەنجە دەستی لەکارکێشایەوە. 

 

د. دۆستی نەجات عوسمان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای سلێمانی لە نامەیەکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە ئاماژەی بەوەکردووە: دوای زیاتر لە پێنج ساڵ کارکردن دەستلەکارکێشانەوەم لە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا پێشکەش کرد، سوپاس بۆ ئەوانەی لەوماوەیەدا پشتیوانی من و نەخۆشخانەی هیوایان کردووە. 

 

د. دۆستی نەجات عوسمان لەونامەیەدا دەڵێت" سوپاسی بۆ هەموو دکتۆر و کارمەندە دڵسۆزەکانی نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری سالاسیمیا و ژیانەوە و تاقیگەی نەخۆشیزانی شۆڕش کە خۆنەویستانە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا پشتگیر و پشتیوان بوون و لەسەر حسابی ژیانی تایبەتی خۆیان خزمەتیان بەدوچاربوانی شێرپەنجە کردووە بەبێ ئەوەی هیچ یەکێکمان چاوەڕوانی سوپاس و پێزانین بین". 

لەبەشێکی تری نامەکەیدا نوسیویەتی" لە ئەزمونی پەرەپێدانی نەخۆشخانەی هیوا و خزمەتگوزاریەکانی شێرپەنجەدا زۆر هەوراز و دژواریمان بڕی بەڵام لەبەرئەوەی ژیانی نەخۆشەکانمان چەقی بیرکردنەوەی خۆم و هاوکارەکانم بوو، سەرئەنجام هیوا بووە نمرە یەکی عیراق و تەنانەت لەئاستی وڵاتانی پێشکەوتو". 

دەشڵێت" بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عیراق چاندنی مۆخی ئێسکمان ئەنجامدا کە سوپاس بۆ خوا سەدان نەخۆشی لەشێرپەنجە و سالاسیمیا چاککردوەتەوە و خەرجی سەدان ملیۆن دۆلاری چارەسەری گرانبەهای لەدەرەوەی وڵات بۆ خەڵک و حکومەت گەڕاندوەتەوە". 

 

د. دۆستی ڕاشیگەیاندووە" ئەگەر روبەروبونەوەی شێرپەنجە و خزمەتگوزاریەکانی چارەسەر لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا یەکجار سەخت بێت ئەوا لە هەرێمی کوردستاندا سەدان جار سەختتربووە، بەربەستەکان بێشوماربوون و لەژێر فشاری دەرونی هەزاران تراژیدیای ئینسانی و سنورداریی توانای خۆماڵی و ئاستەنگی جۆراوجۆردا شەو و رۆژ هەوڵماندەدا تاوەکو بەناوی (هیوا) بیرۆکەی نائومێدی لەم نیشتمانەماندا بسڕینەوە و دامەزراوەیەکی تەندروستی بین کە هیچی لەوڵاتانی پێشکەوتوو کەمتر نەبێت، هەر لە سەرەتاوە پلانی کورت مەودا و پلانی دوو ساڵە و پێنج ساڵەمان داڕشت و بەشی هەرەزۆری جێبەجێ کرا بەداخەوە کە هەلومەرجەکە چیتر لەزۆر ڕوەوە لەبارنیە بۆ جێبەجێکردنی ئاوات و خولیای زیاتر و بەو هۆیەوە نامەوێت لەشوێنێکدا کاربکەم کە تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنم. دەستلەکارکێشانەوە باشترین بژاردەیە لەوەی کە نەتوانم مافی نەخۆش و پزیشک و کارمەندان دابین بکەم". 

 

وتیشی" داوای لێبوردن لەهەر نەخۆشێک ئەکەم لەوماوەیەدا کە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوابووم کەموکورتیەکی لەخزمەتگوزاریەکانمان بەدی کردبێت، بێگومان من و هەموو هاوکارەکانم بە چاوی خزم و کەسی خۆمان لەهەموو نەخۆشێکمان روانیوە بێ جیاوازی و هیچ کات ژوور و خزمەتی تایبەتمان بۆ هیچ کەسێک نەبووە لەناو نەخۆشخانەکەدا، ناچار نەبووین ئاستی خزمەتگوزاری بۆ کەسێکی دیاریکراو بەرزتر بکەینەوە چونکە هەر ئەوەشمان پێشکەش بە خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی ئەم وڵاتەکردوە". 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا سوپاسی پزیشک و پەرستار و تاقیگە و کارگێڕی و هەمو بەشەکانی نەخۆشخانەکەی كردوە و بە "گەوهەری نادیاری نیشتمان"پێناسەی كردون.

 

لە كۆتاییدا نوسیویەتی: سوپاسم بۆ خەڵکی دڵسۆز و خێرخوای سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ناوچەکانی گەرمیان و راپەرین کە بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای قەیرانی داراییدا لە ئەوجی چالاکیەکانی سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە لە نمونەی بازاڕی هیوا و چەندین چالاکی و هۆشیاریدا ئەم نەخۆشخانەیەیان گەشەپێدەدا و فراوانیان دەکرد تا لە سەنتەرێکی ٤٠ تەختیەوە بووە نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتووی ١٨٠ تەختی. 

 


PM:08:36:12/07/2020