جێگری پارێزگاری هەولێر: ئەگەر پارەی پشکنینەکەش بدەیت رێگای چوونە ناو هەولێرت پێنادرێت



جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت"  قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەگەر بێت و کەسێک داوا بکات پشکنینیشی بۆ بکرێت و پارەی پشکنینەکەش بدات رێگەی هاتنەژوورەوەی بۆ نێو هەولێر پێنادرێت. 

 
 
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لە چاوپێکەوتنێکی رووداودا ئاماژە بەوە دەدات " بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدرێت کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یاخود کارێکی زۆر پێویستییان هەیە و رێگەپێدانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکەی خۆیان هەیە، ئەوکاتە رێگەیان پێدەدرێت":

 
 
سەبارەت بە قسەکەی پارێزگاری هەولێر "کە هەر کەسێک بێتە نێو هەولێر 50 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت" و کێن ئەوانەی ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە؟ هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لەکاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیار وتی، "هێشتا ئەو بڕیارە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردن هەر هاووڵاتییەک لە شارەکانی دیکەی عێراق و لە بازگەکانی نێوان ( موسڵ - هەولێر یان کەرکووک - هەولێر) بێتە نێو هەولێر پشکنینی بۆ دەکرێت و ئەو پشکنینەش لەڕێگەی کۆمپانیایەک دەبێت و بۆ هەر پشکنینێک 50 هەزار دینار وەردەگیرێت. 

 
 
جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوەش دەدات کە ئەوان کارئاسانییان بۆ خەڵک کردووە و ئەگەر بێت و خێزانێک لە چەند کەسێک پێکهاتبن، تەنیا 50 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت. 
 
هێمن قادر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە هاتووچۆی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و هاتنە نێو هەولێر گوتی، قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئەگەربێت و کەسێک کارێکی زۆر گرنگی نەبێت رێگەی پێنادرێت، "بڕیاری پشکنین و وەرگرتنی 50 هەزارەکەش ناکرێتە مەرج لەسەر ئەو کەسانەی لە سلێمانییەوە یان لە دهۆکەوە دێنە هەولێر".

 
 
هێمن قادر جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک وەرگرتنی ئەو 50 هەزارە بۆ هاونیشتمانییانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان نییە کە دێنە نێو هەولێر، بەڵکو تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە لە بازگەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان دێنە نێو هەولێر.

 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 13-07-2020، د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند،  بۆئەوەی جووڵەی ئابووری و بازرگانی لە هەولێر نەوەستێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە میکانیزمی نوێ بۆ هاتنە نێو پارێزگاکە جێبەجێدەکرێت، لەنێویاندا ئەنجامدانی پشکنین بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاکانی عێراق بە نرخێک کە لە 50 هەزار دینار زیاتر نەبێت.
 
ئەم قسەیەی پارێزگاری هەولێر دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە قسە و دەنگوباسی زۆرێک لە هاونیشتمانییان. 

 


PM:07:56:13/07/2020