ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. دوو هاوڵاتی كورد لە سێدارەدران

حوکمی سێدارە دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد لە پێش چاوی بنەماڵەی ١٣ کەس لە کوژراوانی تەقینەوەکەی ١٠ ساڵ پیشی مەهاباد لە بەندیخانەی ئورمیە جێبەجێ کرا.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی مەحکووم بە سێدارەی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا. ئەو دوو بەندکراوە کە لە بەندی ١_٢ ڕاگیرابوون، ڕۆژی ڕابردوو گوازرابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەکە.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند" کە ئەو دوو بەندکراوە لە پێش چاوی بنەماڵەی ١٣ کەس لە کوژراوەکانی تەقینەوەکەی ١٠ ساڵ پێشی مەهاباد کە لە کاتی نمایشی سەربازی سالوەگەری شەڕی ئێران و عێراق لە مەهاباد، ڕووی دابوو، لەسێدارە دراون".

 

پێشتر رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە بەرپرسانی ئێران کردبوو، کە سزای لەسێدارەدانی سابیر شێخ عەبدوڵا و دیاکۆ رەسوڵ زادە هەڵوەشێننەوە و بواری دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێ بەکارهێنانی زۆر و دانپێدانانی زۆرەملی بڕەخسێنن.

 

دیاکۆ رەسوڵزادە و کەسێکی دیکە بە ناوی حوسێن عوسمانی رێکەوتی ١٢ی ئازاری ٢٠١٤و سابیر شێخ عەبدوڵڵا ١٤ی ئازاری هەمان ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران، بەتۆمەتی  ئەنجامدانی تەقینەوە لە مەهاباد.

 


AM:09:49:14/07/2020