ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی وادهی بهستنی کۆنگرەی یەکێتی دهستنیشانكرد
ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشكرایكرد تا كۆتایی ئهمساڵ یهكێتی كۆنگره دهبهستێت و گۆڕانکاری ریشەیی لەئۆرگان و سیاسەتەکانی یەکێتیدا دهكات.
بەپێی هەواڵێكیSNN ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بەلاغێکی بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی ھەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوەو تێیدا ئاماژە بە بەستنی کۆنگرەی چوارەمی (ی.ن.ک) دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ کە بتوانێت و پێگەی شایستە بە خوێنی نوێ بدرێت لە سەرکردایەتی ئەو حزبە.
دەقی بەلاغی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان:
بەلاغی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک)
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ئەندام و لایەنگرو دۆست و دڵسۆزانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
ئێمە وەک ئەنجومەنی ناوەندی بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنە مەزنەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدەستیھێنا لەھەڵبژاردنەکانی ٣٠ نیسانی ٢٠١٤ پیرۆزبایی لەسەرجەم خەڵکی کوردستان بەگشتی دەکەین و بەتایبەت لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، کە بەخوێنی گەشیان سەرکەوتنیان نەخشاندو یەکێتییەکەتان تاجەگوڵینەی سەلماندنی کوردستانیبوونی کەرکوکی لەسەرنا.
ئەمەش دەرئەنجامی سیاسەتی راست و دروستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لەو ناوچانەو لەسەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ھەر بۆیە لەم رۆژەدا سوپاس و پێزانینمان ئاڕاستەی ھەموو ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی (ی.ن.ک) کە بە شەونخونیتان ئەم سەرکەوتنەتان بۆ خۆتان و یەکێتییەکەتان تۆمارکرد ، بەئیرادەی پۆڵاینتان توانیتان بەر بەسەرجەم ئەو پیلانانە بگرن کە بۆ نەمانی یەکێتییەکەتان داڕێژرابوون و خەونی نەمانی یەکێتی خرایە چاڵ.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، خۆمان بەقەرزدارتان دەزانین، ئێوە سەلمانتان کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێزێکی متمانە پێکراو و خاوەن پێگەی مێژوویی خۆیەتی بۆ بەرگریکردن و داکۆکیکردن لەگەل و خاکی کوردستان.
بۆیە ئێمە لە ئەنجومەنی ناوەندی لەسەروبەندی ئەم دەرئەنجامانەدا :
١- کاردەکەین بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەمی (ی.ن.ک) تا کۆتایی ئەمساڵ کە بتوانێت گۆڕانکاری ریشەیی چەندایەتی و چۆنایەتی لەئۆرگان و سیاسەتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بکات بەجۆرێک کە خوێنی نوێ پێگەی شایستەی پێبدرێت لە سەرکردایەتی یەکێتییدا و لەچوارچێوەی پەیڕەو پرۆگرامێکی نوێدا رێکبخرێتەوە.
٢- پشتگیری لەھەڤاڵ قوباد تاڵەبانی و ستافی نوێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین لەکابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانداو لەھەمان کاتیشدا چاودێر دەبین بەسەر کارەکانیان و بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین، بۆیە بەپێویستی دەزانین لەم قۆناغەدا (ی.ن.ک) خوێنی نوێ لەکادیرە گەنجەکان و ژنان و خەڵکی شیاو بەپێی لێھاتووی و شارەزایی بەڕەچاوکردنی دابەشبونی جوگرافی بۆ پشک و پۆستەکانی یەکێتی بەگشتی و بەتایبەت وەزیرو جێگر وەزیرەکان لەحکومەتی عیراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دیاری بکات.
٣- دووپاتیدەکەینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناو بەدەست ھێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان لەگەڵ یەکڕیزی نیشتمانییدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.
٤- بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕەوای گەلی کوردستان لەپارچەکانی تری کوردستاندا.
٥- ئەنجومەنی ناوەندی نیگەرانی خۆی دەردەبرێت بەرامبەر داخستنی بارەگاکانی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک.
٦- درێژەپێدانی سیاسەتی سەربەخۆییانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەھەرێم و بەغدا .
لەکۆتاییدا داوا لەسەرجەم کادرو ئۆرگانەکان دەکەین لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتن نەخەون و خۆتان ئامادە بکەن بۆ سەرکەوتنی مەزنتر، ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پابەندبن بۆ بەگەڕخستن و پاراستنی ئەم ئەنجامە دڵخۆشکەرانەی کە ناحەزانی توشی شۆک کردووە، جەماوەری کوردستان سەری خۆیان و یەکێتییەکەیان بەرزترکردەوە ، بۆیە دەبێت لە ١/٦/٢٠١٤ کە ٣٩ ھەمین ساڵرۆژی دەمەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە یادێکی شایستە بۆئەو سەرکەوتنە مەزنە بگێڕین.
PM:08:50:22/05/2014