بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، بەندکراوێک بەهۆی کۆرۆناوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، عەلی جەمال قدووری وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی٧ی٢٠٢٠، بەندکراوێکی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بەناوی ( ه. ت. ن ) لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٦، بەهۆی بەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە.
ناوبراو دەشڵێت "دوای ئەوەی دادگای کەتنی قەزای کفری بەپێی مادەی ٤٥٧ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ناوبراو دەرکرد، لەبەرواری ٢١ی حوزەیران پۆلیسی کفری ناوبراویان دەستگیر کردووە و ڕەوانەی بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیانیان کردووە" .
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات دوای پشکنین دەرکەوتووە کە ناوبراو هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە .
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاندووە، پاش ئەوەی چەند جارێک لەبەندیخانەوە براوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری بۆکراوە، دواجار بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە لەبەرواری 7/7/ 2020 ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە و ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.