هەڵەبجە.. مێرمنداڵێک بە تۆمەتی دزینی نزكەی ٣٧ ملیۆن دینار دەسگیرکرا

پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایدەگەیەنێت" دوو تۆمەتباریان دەسگیركردووە كە یەكیان مێرمنداڵێكی تەمەن ١٥ ساڵە بە تۆمەتی دزینی نزكەی ٣٧ ملیۆن دینار دەسگیركراوە". 

 

لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست "سپی" کەوتووە رائید بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندووە" پاش ئەوەی لەلایەن هاوڵاتییەكەوە سكاڵا تۆماركرا كە بڕی ٣٥ ملیۆن دینار و ١٥٠٠ دۆلاری ئەمەریكی لێ دزراوە لەگەڕەكی كانی عاشقان، دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ رێكخرا لەلایەن بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی چالاكی مەدەنی و مەفرەزەیەكەوە توانرا تۆمەتباری نەوجەوان (ح.ع.ح) تەمەن ١٥ ساڵ دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە دەستگیر بكرێت، پاش لێكۆڵینەوە دانی ناوە بەتاوانەكەیدا كە هەستاوە بەدزینی ئەو بڕە پارانەی سكاڵاكار بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە بەپێی ماددەی یاسایی (٤٤٤)ی یاسای سزادانی عێراقە بەندكراوە". 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە" لەلایەكی دیكەشەوە  لەلایەن مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی شەهید سەركار توانرا تۆمەتبارێك دەستگیر بكرێت كە فەرمانی گرتنی هەبووە بەپێی ماددەی یاسایی (٢١ی چەك) بەناوی (م.ن.ح) تەمەن ٢٥ ساڵ دانیشتووی هەڵەبجە/ كانی قوڵكە كە هەستاوە بەتەقەكردن بەشێوەیەكی هەڕەمەكی لەناو شاردا، تۆمەتبارەكە داواكرابوو لەدوو بنگەی پۆلیس لەدەرەوەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە". 



PM:03:33:16/07/2020