یەکگرتوو: بەس لە سلێمانی یاری بەئەنجامەکانمان کراوە

یەکگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت کە تانە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەدات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە تەنها لە سلێمانی دەنگی کوررسیەکمان كەمكراوەتەوە.
لە بەیاننامەی مەكتەبی هەڵبژاردنی ئەو حیزبەدا هاتووە" تەنها لە پارێزگای سلێمانی ژمارەی دەنگی زیاتر لەكورسیەكمان بەدەستكاریكردن كەمكراوەتەوە. بۆیە لەڕێگەی دەستەی دادوەری تایبەتەوە تانە لەم ئەنجامانە دەدەین و ناڕازین بەم ئەنجامانەی كەكۆمسیۆن ڕایگەیاندووە".
دەقی بەیانەکە:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەیاننامەی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەبارەت بەدەرەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
ئێمەی لەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، نیگەرانی خۆمان لەڕاگەیاندنی دەرەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی ڕادەگەیەنین. بەهۆی ئەو دەستكاری كردن و یاریكردنەی بەئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە كراوە، چونكە بەپێی ئەو ئامارو زانیاریانەی كەلەڕێگەی كۆمسیۆن و چاودێرەكانی خۆمانەوە بەدەستمان گەیشتووە، دەنگەكانمان زیاتر لە 70 هەزار دەنگمان بەدەستهێناوە، بەڵام پاش ئەوەی بەرەنجامەكان لەبەغداوە لەڕێگای سیدیەكەوە بۆمان گەڕایەوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، بۆمان دەركەوت كەدەستكاریەكی زۆری ژمارەی دەنگەكانمان كراوە بەشێوەیەك تا ئێستا لەبەراوردی تەنها 110 وێستگە لەكۆی زیاتر لە 3000 وێستگە لەپارێزگای سلێمانی، لەگەڵ زانیاریەكانمان كەبەفەرمی لەكۆمسیۆنی سلێمانیەوە وەرمانگرتووە نزیكەی 1500 دەنگمان كەمكراوەتەوە. واتە ئێمە دوو سیدیمان لەكۆمسیۆن بەفەرمی وەرگرتووە كەجیاوازیەكی زۆری تێدایە. بەمەش ژمارەی دەنگی زیاتر لەكورسیەكمان بەدەستكاریكردن كەمكراوەتەوە. بۆیە لەڕێگەی دەستەی دادوەری تایبەتەوە تانە لەم ئەنجامانە دەدەین و ناڕازین بەم ئەنجامانەی كەكۆمسیۆن ڕایگەیاندووە.
مەكتەبی هەڵبژاردنی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
22-5-2014



PM:12:21:23/05/2014