مەسرور بارزانی لەلایەن فەرەنساوە بانگهێشت دەکرێت

ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەناوی ئیمانوێل ماکڕۆن سەرۆكی فەرەنسا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی فەرەنسا كرد.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 2020/7/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد، لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو، بارودۆخی عیراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا تاووتوێ کران.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند" هاتووم بۆ ئەوەی پشتگیریی وڵاتەکەم بۆ هەرێمی کوردستان دووپات بکەمەوە بەتایبەتی لەم ڕۆژە سەختانەدا".

 

وتیشی" فەرەنسا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمڕووەوە پسپۆڕانی فەرەنسی ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە بواری کشتوکاڵی و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووی . وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها بە ناوی سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکڕۆن، بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ سەردانی فەرەنسا لە دەرفەتێکی گونجاودا".

هەروەها، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی رۆڵی مێژوویی فەرەنسای کرد لە پشتگیریکردنی گەلی کوردستاندا . پاشان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت تیشکیان  خستە سەر دەرەنجامی گفتوگۆکان لە گەل حکومەتی فیدراڵی و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی فەرەنسا دەتوانێ رۆڵی ئەرێنی خۆی لە یەکنزیکردنەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور. گوتیشی ئێمە داوای هیچ شتێکمان نەکردووە پێچەوانەی دەستووری عێراق بێت و هەر  شتێکیش ڕەت دەکەینەوە کە کەمتر بێت لە مافە دەستوورییەکانمان".

 


PM:05:28:17/07/2020