میحوەری قەرەتەپە-حەمرینى ھێزی پێشمەرگە، رەتیدەکاتەوە ئاڵاى عێراق لە بازگەیەکى نزیک شارى کفرى هەڵکرابێت و دەڵێت" لێکتێگەیشتن لە نێوان پێشمەرگە و سوپا هەیە".
لە روونکردنەوەیەکدا میحوەری قەرەتەپە-حەمرین ھێزی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند" ئەمرۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تیایدا لەلایەن ھێزێکی سوپای عیراقییەوە ئاڵای عیراق لەبازگەیەکدا دائەنرێ، وا بڵاوکراوەتەوە کە ئەو شوێنە بازگەی گوندی (کارێز)ی سەر بە ناحیەی جەبارەیە، نزیک بە شاری کفری، بۆ ھەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە ئەو ھەواڵە ھیچ بنەمایەکی ڕاستی تیادا نییەو گرتە ڤیدیۆیەکەش بازگەی کارێز نییە. بەڵکو، ئەو بازگەیە وەک پێشتر لەلایەن پۆلیسی کفرییەوە بەڕێوەدەبرێت".
ئەوەش هاتووە" ئەوەش بۆ ھەموو لایەک رادەگەیەنین، کە لەچەند رۆژی رابردوودا لێکتێگەیشتنێک لەنێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقدا ھەبووە لەسەر ئەوەی ئەو ناوچانەی سنوری پارێزگای دیالە و بەتایبەت ڕێگای نێوان کفری-خورماتوو ھەتا گوندی (قوڕیچایی) کە پێشتر بۆشایی ئەمنییان تیادا بووە، لەلایەن سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەوە بپارێزرێت، لێکگەیشتنی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدایە و ھەر تەفسیرێکی تری بۆ بکرێت، دەچێتە خانەی چەواشەکارییەوە".
ئەوەشخراوەتەڕوو" لەرابردوودا ئەو رێگایە بەھۆی ھەرەشەکانی داعش و مەترسییەکانی تیرۆرەوە، دڵەڕاوکێی لای ھاووڵاتیان و ئەو کەسانەش دروست کردووە کە ھاتوچۆیان پێدا کردوە. بۆیە، لەئێستادا کە لێکتێگەیشتنێک ھەبێت بە ئاگاداری ھەموو لایەک و لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵ و سەلامەتی ھاووڵاتیاندا، لەچوارچێوەی ئەرکی ئێمەدا بووە وەک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ ئەوەی ھاوڵاتییان دڵنیابن و بوارێک بۆ چەواشەکاریش نەمێنێتەوە، ئەم روونکردنەوەیەمان بەپێویست زانی".