گۆڕان دەنگۆی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ یەکێتی رەتدەکاتەوە

بزووتنەوەی گۆڕان دەنگۆی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ یەکێتی رەتدەکاتەوەو بەرپرسێکی باڵای ئەو بزووتنەوەیەش رایدەگەیەنێت: نەک تەنھا لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو ئامادەین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا کۆببینەوەو رێکبکەوین.

محەمەد تۆفیق رەحیم رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، لەلێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی SNN،  سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکرێت بەم نزیکانە یەکێتی و گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە بۆ رێککەوتن لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی پارێزگای سلێمانی و دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان.

راشیگەیاند: تائێستا ھیچ شتێک لەوبارەیەوە لەئارادا نییەو دەنگۆکانیش دوورن لە راستییەوە.

محەمەد تۆفیق رەحیم سەرباری رەتکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە، ھاوکات ئامادەیی بزووتنەوەی گۆڕانیش نیشاندا بۆ کۆبوونەوەو رێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، وتیشی: نەک تەنھا لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو ئامادەین لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکاندا کۆببینەوەو رێکبکەوین لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای سلێمانی لەڕووی کارگێڕییەوە.



PM:07:07:23/05/2014