سەرۆکی هەرێم و وەزیری دەرەوەی ئێران ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ئاشكرا كرد

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ريف وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و شاندێكى ياوه‌رى كر

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هه‌رێمى كوردستان هيچ كاتێك پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى كۆمارى ئيسلامى و گه‌لانى ئێران له‌ كاته‌ سه‌خته‌كان و ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا له‌بير ناكات. ئێران هه‌ميشه‌ وه‌ك دۆست و دراوسێيه‌ك له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ وه‌ستاوه‌، ئێستاش بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان په‌يوه‌ندييه‌كى دۆستانه‌ى دراوسێيه‌تى له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێز و به‌رژوه‌نديى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامى، پێويستييه‌كى له‌پێش و گرنگه‌". 

هەروەها نێچيرڤان بارزانى لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا دووپاتى كرده‌وه‌: كه‌ هه‌رێمى كوردستان وێڕاى په‌يوه‌ندييه‌كى دێرينى مێژوويى، ئابوورى، كۆمه‌ڵايه‌تى و كولتوورى، جموجووڵێكى فراوانى ئاڵوگۆڕى بازرگانيشی له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميدا هه‌يه‌. په‌ره‌پێدانى ئه‌و په‌يوه‌ندييانه‌ و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامى له‌و بوارانه‌دا كه‌ پێويستى و جێى بايه‌خى هه‌ردوولان، خواستێكى به‌رده‌وامى هه‌رێمى كوردستانه‌ و هه‌ميشه‌ كارمان له‌سه‌ر كردووه‌ و ده‌كه‌ين.

وتیشی" له‌گه‌ڵ محەمەد جەواد زەریف ر په‌يوه‌ندييه‌كان و دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌‌ به‌گشتى، هه‌روه‌ها پێگه‌ و ڕۆڵى گرنگى ئێرانمان له‌ هاوكێشه‌كانى ناوچه‌كه‌دا تاوتوێ كرد. داكۆكيمان له‌ پێويستى و گرنگيى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌، گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئاشتيانه‌ى كێشه‌ و ئاڵۆزييه‌كان كرده‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد: كه‌ باسيان له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و كاريگه‌رييه‌كانى كردووه‌ به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا، هه‌روه‌ها كاريگه‌ر‌ييه‌كانى له‌سه‌ر هاتوچۆ و جموجووڵى ده‌روازه‌ سنوورييه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، چۆنيه‌تيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌ و ئه‌زموونى ئێران له‌مباره‌يه‌وه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند" ئێمە پەیوەندی زۆر نزیكمان لەگەڵ خوشك و براكانمان لە هەرێمی كوردستان هەیە، پەیوەندی زۆر نزیكی كلتوری و هەروەها خێزانی، پەیوەندی خۆشەویستی و دۆستانەو هەروەها پەیوەندی زۆر باشی ئابوریمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە". 

وتیشی" ئێمە خۆشحاڵین تەنانەت كۆرۆناش نەبۆتە رێگر لە پەیوەندی باش لەگەڵ عێراق و بەتایبەت لەگەڵ هەرێمی كوردستان. دەروازەكانی ئێمە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەمیشە كراوە بوەو بەو جۆرەش دەمێنێتەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو: ئامادەییمان هەیە پەیوەندییە ئابورییەكانمان فراوانتر بكەین.

لەكۆتاییشدا وتی"هیوادارم ئەو دۆستایەتی و برایەتییەی لەنێوان ئێران و عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە پتەوتر بكرێت". 


PM:10:56:19/07/2020