سەرۆکی تیمی ناشتنی قوربانییەکانی کۆرۆنا تووشی پەتاکە دەبێت

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، عەبدوڵڵا ئەحمەد تووشبوونی خۆی بە کۆرۆنا راگەیاند.

 
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، عەبدوڵا ئەحمەد کە سەرۆکی تیمی ناشتنی تەرمی قوربانیانی کۆرۆنایە لە سلێمانی  نووسیوویەتی " لە یەکەم هەنگاوی دانان و جێبەجی کردنی رێکارەکانی رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تا ئەمرۆ کە ماوەی زیاتر لە دوو مانگیشە سەرپەرشتیاری تیمی ناشتنی تەرمی قوربانیانی کۆرۆنامان پێی سپێردراوە ، بێ دابڕان لە ئەرکدا بووین و ئەوەی پێمان کرابێت لە خزمەتی خەڵکدا بێ جیاوازی درێغیمان نەکردوە".


هەروەه نووسیوویەتی "هەرچەند بەردەوام لە ئەرکدا پابەندی رێنماییە خۆپارێزییەکان بووین بەڵام دواجار خوای گەورە بەو ڤایرۆسە بەسەری کردومەتەوە".


عەبدوڵا ئەحمەد دەڵێت " پاش چەند رۆژێک لە ئازاری جەستە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنام کرد وپشکنینەکەم پۆزەتیڤ دەرچوو. خۆم کەرەنتینە دەکەم و بۆ ماوەیەک لە ئازیزان و خەڵک بە گشتی دادەبڕێم".

 


PM:09:14:20/07/2020