کارمامزێک لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای تورکیا دایکی دەکوژرێت و خۆشی بریندار دەبێت و دواتر گەریلا لە بەرەکانی شەڕ ڕزگاری دەکەن و برینەکانی ساڕێژ دەکەن.
ماڵپەڕەکانی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان وێنەی کارمامزێکیان بڵاوکردۆتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو کارمامزە کە تەمەنی مانگێکە لە شەڕی هەفتانین-دا لەلایەن سووپای تورکیاوە بۆردومان کراوەو پشتی بریندار بووەو دواتر گەریلا کان لەناو گەرمەی شەڕدا، ڕزگاریان کردووە، ئەو کارمامزە لە بۆردومانی تورکیادا دایکی بەرکەوتووەو کوژراوە.
کارمامزەکە کە لەژێر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان مابووەوە، لە گوێچکە و سەر پشتییەوە بریندار بووبوو، گەریلاکان هێناویانە بۆ ناوچەیەکی ئارام و ساڕێژیان کردووە، لە ئێستادا کارمامزەکە چاکبووەتەوە و لەگەڵ جەنگاوەرە کوردەکان دەژی و ناوی لێنراوە؛ “سۆریاز”.
سوپای تورکیا جگە لە بەئامانج گرتنی گەریلا، خەڵکی مەدەنی و گوندەکان و ژینگەی ناوچەکانی زاخۆشیان لە هێرشەکانیاندا کردۆتە ئامانج.