ئێران داوا لە کازمی دەکات لە هەرێمەوە هێرش نەکەنە سەر هێزەکانیان



ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران داوا لە مستەفا کازمی دەکات بەر بگرێت لەو هێرشانەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانەوە دەیکەنە سەر ئێران.

 
لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئێران، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەوە و لە بارەی دوا گۆڕانکارییە سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان کرد.


لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران ڕایگەیاند، چاوەروان دەکەین کە حکومەتی عێراق ڕێگری بکات لە بەزاندنی سنورەکان لەلایەن نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە.




میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا تیشکخراوەتە سەر ئاسایشی سنورەکانی نێوان عێراق و هەروەها باس لە کووشتنی ااسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس کراوە و شەمخانی بەدواداچوونی سیاسی و یاسایی تا دەگاتە دادگایی کردنی هۆکارە سەرەکی و لاوەکییەکان بە داواکاری دوو میللـەتی ئێران و عێراق ناوبردووە.


سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا جەختی کردووەتەوە لە سەر گرنگی بەهێز کردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و ئاسایشدا.


لە دوێنێوە مستەفا کازمی سەردانی تارانی کردووەو لەگەڵ عەلی خامەنەئی رابەری ئەو وڵاتەو حەسەن رۆحانی سەرۆکی وڵات و بەرپرسانی تری سیاسی و ئەمنی کۆبۆتەوە.

 


AM:09:25:22/07/2020