فڕۆکەکانی تورکیا ناوچەکانی زاخۆ و برادۆست بۆردومان دەکەن

لە میانەی بەردەوامی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم بۆردومانی ناوچەجیاجیاکانی هەرێم بەردەوامەو ئەم ئێوارەیەو ئەمشەو فڕکەکانی ئەو وڵاتە بۆردومانی ناوچەکانی زاخۆ و برادۆستیان کردووە.


بەپێی زانیاریەکان لە ناوچەی برادۆست فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆردومانی گوندی بۆڵێ و ناوچەکانی دەوری خەلیفانیان کردووەو، خەڵکی ئەو ناوچەیە لەبەر پاراستنی گیانی خۆیان لەماڵ و گوندیان خۆیان هەڵهاتوون بۆ سنوری ناحیەو قەزاکان.

 
لە ناوچەکانی زاخۆ و حەفتانینیش فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆردومانی گوندەکانی (پەرەخ و دەشتەتەخ)یان لە سنوری ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخویان كردووەو تا ئێستاش بەردەوامە .


لە ١٧ی حوزەیرانەوە لەشرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم لەناوچەکانی زاخۆ و ئامێدی و برادۆست بەردەوامەو لەهەندێک ناوچە بەقوڵی زیاتر لە ٣٠ کم هاتوونەتە خاکی هەرێمەوەو مەترسی دروستکردنی پشتێنەی ئەمنی لەو ناوچانە دەکرێت. 

 
بەدرێژایی مێژووی لەشکرکێشی تورکیا بەپێی ئاماری  رێکخراوی (CPT) لە ساڵی ٢٠١٥ تا یٔێستا، نزیکەی ١٨٥ ھاوڵاتی سڤیل بونەتە قوربانی، و لەوانەش ٨٥ کەس شەھییدبون، كە ١٥كەسیان لەشەش مانگی رابردوو شەھیدبوون، ٩٥ کەسیبش بریندار بوون .




PM:10:27:22/07/2020