هەپەگە كوژرانی حەوت سه‌ربازی توركیای راگه‌یاند

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل "هەپەگە" ڕایدەگەیەنێت"  لە ئەنجامی چالاكی گەریلاكانی هەپەگە و یەژا-ستار لە خواكورك و گەڤەر حەوت سەربازی توركیا كوژران". دەشڵێت" فڕۆكە جەنگیەكانی دەوڵەتی توركیا هەرێمەكانی پاراستنی میدیایان بوردومان كرد". 

ڕاگەیەنراوی هەپەگە بەم شێوەیەیە:

 

"هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێری شەهید باگەر و شەهید رۆنیادا، ٢٢ی تەمموز کاتژمێر ٠٨:٠٠ لە دژی داگیرکەران، لە نێوان هەر دوو گردی لێلکان و کەڤەرتی سەر بە ناوچەی خواکورک چالاکیەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکیەدا ٤ سەرباز سزا دران و ٣ سەربازیش بریندار بوون. سوپای داگیرکەری تورک دوای چالاکیەکە کوژراو و بریندارەکانی لە ناوچەکە دوور خستەوە و ئێوارەی هەمان رۆژیش لە ناوچەکە کشایەوە. ئەم چالاکیە بۆ شەهیدە قارەمانەکانی هەنگاوی شۆڕشگێری جەنگی حەفتانین بەرێوە چوو.

لە ١٩ی تەمموز کاتژمێر ٠٢:٠٠ سوپای داگیرکەری تورک لە ناوچەی گەزرەی سەر بە مێرگەزەردی گەڤەری سەر بە جۆلەمێرگ ئۆپڕاسیۆنێکی داگیرکەری دەستپێکرد. لە نێوان هێزەکانی ئێمە و داگیرکەراندا شەڕ و پێکدادانێکی قوڕس روویدا. لەو شەڕ و پێکدادانەدا ٣ سەرباز سزا دران و ژمارەیەک سەربازیش بریندار بوون. لە ٢١ی تەمموز ئۆپڕاسیۆنەکە کۆتایی پێهات. دواتر زانیاریەکان لە بارەی ئۆپڕاسیۆنەکەوە بڵاو دەکرێنەوە.

فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک هەرێمەکانی پاراستنی میدیایان بوردومان کرد

فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای داگیرکەری تورک، هەرێمەکانی پاراستنی میدیایا بوردومان کرد. لەم چوارچێوەیەدا فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای داگیرکەری تورک، لە ٢١ی تەمموز کاتژمێر ١٥:٠٠ گوندەکانی دەرلیک، مام عەگید و سێدارێی سەر بە گارێ و لە ٢٢ی تەمموز لە کاتژمێرەکانی نێوان ٠٤:٠٠-٠٥:٠٠ گوندی ئەنزێ، گوندی سلێ، گوندی بەریان، گەلی شەهیدان و گوندی زارگەلێی هەرێمی قەندیل و هەمان رۆژ کاتژمێر ١٦:٣٠ خولەکیش فڕۆکە جەنگیەکانی ناوچەی گۆشنی سەر بە هەرێمی خواکورکیان بوردومان کرد.

بوردومانەکان هیچ زیانێکی هێزەکانمانی بەدواوە نەبوو."



PM:07:45:23/07/2020