بەرپرسی لقی دووی پارتی بۆ لاهور شێخ جەنگی: چیتان بۆ زاخۆ كردووە غەیری تەقینەوە و تیرۆر و كوشتنی خەڵك بێگوناح

دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە كاتی دانانی بەردی بناغەی خوێندنگەیەك بۆ كەسوكاری شەهیدان لە شاری هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و وتی، چەقی ململانێی سیاسیمان دێنینەوە هەولێر، هاوکات بەرپرسی لقی دووی پارتی وەڵامی پەیامەکەی هاوسەرۆکی یەکێتی دەداتەوەو دەڵێت" چیتان بۆ زاخۆ كردووە غەیری تەقینەوەو تیرۆر و كوشتنی خەڵك بێگوناح". 

ئەحمەد كانی بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر لە نوسینێکیدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" ڕایگەیاند" لە جیاتی تەنگە نەفەسی و دەنگهەڵبڕین و ڕەزاگرانی و باسكردنی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بۆ ناچی چارەسەری دەردی خۆتان بكەن و ناوماڵتان چاك بكەن؟ لەو بیست و چەند ساڵەدا چیتان كردووە بۆ دەڤەری سلێمانی جگە لە تاڵان و سەرانەوەرگرتن و مەحرومكردنی خەڵك تاكوو بێی باسی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بكەی؟".

 

ئەحمەد کانی لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا دەشڵێت" چیتان بۆ زاخۆ كردووە غەیری تەقینەوە و تیرۆر و كوشتنی خەڵكی بێگوناحی ئەم شارە؟ زاخۆییەكان چاوی ئەو دەستسوورانە دەردێنێ ئەگەر بێن خێمەی شوومیان لە شارەكەیاندا هەڵبدەن، دهۆكی دەلال گەرووی هەر خاكفرۆشێك هەڵدەدڕێنێ ئەگەر چاوی تەماح و تاڵانی تێ ببڕێ".

 

بەرپرسی لقی دووی پارتی ڕاشیگەیاندووە" كە هەولێر لە ژێر دەستی یٔێوەدا بوو چیتان بۆ هەولێر و هەولێرییەكان كرد؟ خۆ هەموومان بیرمان دێت خەڵك لە سەروماڵی خۆی دڵنیا نەبوو. لەبەر دزی و تاڵانییەكانتان خەڵك سەیارەی دەبردە سەر بانەكان بۆ یٔەوەی لێیان نەدزن و كەس نەدەوێرا كاسبیی بكات نەوەك تاڵانچییەكانتان سرانەیان لێ بستینن و سامانیان بدزن. هەولێر چەقی كار و چالاكیتان بوو بۆیە لە ڕفاندن و تیرۆركردنی خەڵكی نیشتیمانپەروەر و زانا و پیاوی باشی یٔەم وڵاتە دەستتان نەپاراست. كە لە هەولێر بوون خەڵكی خاوەن فكر و یٔاكادیمی و زانای وەك د. محەمەد باجەڵان و د. محەمەد قەرەداغی و سلاح هەورامیتان تیرۆر كرد".

 

وتیشی" خەڵكی نیشتیمانپەرورەی وەك نەقیب كەمال و محیەدین ڕەحیم و شوان عوسمان بەزاز و عەونی شاكر و...دەیانی ترتان تیرۆر كرد و ڕفاند و ژیان و یٔۆقرەییتان لە هەولێر ستاند.. بە چ ڕوویەك دەتانەوەێ بێن و یٔاسمانی شار تاریك بكەن؟".

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا ئەحمەد کانی ئاماژەی بەوەشکردووە: بڕۆن عیلاجی دەردەكانی خۆتان بكەن و بەڵا و دەنگەدەنگتان دوور بكەنەوە. هەولێر جێگە بۆ ژاوەژاو و تاڵانچیایەتی و كەڵەگایەتی ناكاتەوە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كاتی دانانی بەردی بناغەی خوێندنگەیەكی بنەڕەتی لەگەڕەكی شەهیدانی شاری هەولێر وتارێكی پیشكەشكرد و رایگەیاند" یەكێتی شێوازی سیاسیەتكردنی دەگۆڕێت، چەقی ململانێی سیاسیمان دێنێنەوە هەولێر، دەبێت هەولێر چەقی ملاملانێی سیاسیمان بێت، ململانێی سیاسی دەبێت لە دهۆك و زاخۆ بێت". 

 


PM:11:40:23/07/2020