ژمارەیەک پۆلیسی هاتوچۆ دەرگای بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دادەخەن.. لیوای پاراستنی سلێمانی ژمارەیەکیان لێ دەستگیر دەکات

وەک درێژکراوەیەکی ئەو مانگرتن و خۆپیشاندانانەی پۆلیسی هاتوچۆ مانگی پێشوو لە سلێمانی لە پێناو مووچەکانیان سازیان کرد، ئەمڕۆ ژمارەیەکیان دەچنە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاوتوچۆی سلێمانی دەرگاکانی دادەخەن و هەوڵی راگرتن کارکردن لەو فەرمانگەیەدا دەدەن، دواتر هێزی لیوای پاراستنی سلێمانی کە بەفەرمانی پارێزگار جووڵەی پێدەکرێت، دەچنە بەڕێوەبەرایەتی و ٦ پۆلیسی مانگرتوو دەستگیردەکەن.

 

بەپێی زانیاریەکانی " سپی " لە دوێنێوە ئەو پۆلیسی هاتوچۆیانەی مانگی پێشوو مانیان گرت و دەوامیان نەکردو وادەی مانگێکیان دانا بۆ حکومەت تا مووچەیان لە کاتی خۆیدا پێ بدات، بڕیاریان دابوو کە ئەمڕۆ دەرگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هاتوچۆ لە تاسلوچە لە رۆژئاوای سلێمانی دابخەن، دیارە لیوای پاراستنی سلێمانی زانیاری ئەو جموجوڵەیان پێدەگات و لە رێگا خاڵی پشکنین بۆ ئەو پۆلیسانە دادەنێن و ژمارەیەکیان دەستگیر دەکەن، بەلآم ژمارەیەکیان دەردەچن و خۆیان دەگەیەننە بەرێوەبەرایەتی لە تاسلوجە و دەرگاکانی دادەخەن و کارەکانی رادەگرن.

 

دواتر هێزەکانی پاراستنی سلێمانی کە بەفەرمانی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر دەجووڵێنرین، دەچنە بەڕێوەبەرایەتی و شەش پۆلیس لەوانەی دەوامیان راگرتووە دەستگیر دەکەن.

 

ئەم هەنگاوەی پۆلیسی هاتوچۆ درێژکراوەی خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردووە کە داوای پێدانی مووچە و ئیمتیازەکانیان دەکرد.



AM:11:44:26/07/2020