ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

پەرلەمانی کوردستان بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دانیشتنەکە لە پێنج بڕگە پێکدێت.

 

دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان، بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆ دووشەممەی بڵاوكردەوە، كە بریتییە لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پڕۆژە یاساكانی (لەئەستۆكردنی فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان، پێشنیازی یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوارو كەلەپوور لەهەرێمی كوردستان-عیراق، پێشنیازی یاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لەهەرێمی كوردستان-عیراق).

هەروەها پەڕلەمان دەنگ لەسەر داواكاریی دەستلەكاركێشانەوەی سۆران عومەر، لە ‌ئەندامێتی پەڕلەمان دەدات.

جگە لەوەش، خوێندنەوەی ڕاپۆرت و گفتوگۆكردن سەبارەت بە چەند پرسێك دەكات، لەوانە (خوێندنەوەی ڕاپۆرتی كۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەی (كاروباری پێشمەرگەو ناوچە كورستانیەكانی دەرەوەی هەرێم) سەبارەت بەدۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەكە، بەئا‌مادەبوونی (وەزیری ناوخۆ)و (وەزیری كاروباری پێشمەرگە)و (وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانووستاندن لەنێوان هەرێم و بەغدا)و دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان-عیراق.

هەروەها خوێندنەوەی ڕاپۆرتی هاوبەشی لیژنەی (كاروباری پێشمەرگە)و (ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەكان)و (پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی) سەبارەت بەدۆخی ناوچە سنوورییەكان.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەڕلەمان بریتییە لە خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی تەندروستی سەبارەت بەپەتای (كۆڕۆنا) ، بەئامادەبوونی (وەزیری ناوخۆ)و (وەزیری تەندروستی) لەحكومەتی هەرێمی كوردستان

هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان) دەكات و لە كۆتاییشدا، خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری سەبارەت بە (دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان) بەئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و ئابووری وەزیری پلاندان و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانووستاندن لەنێوان هەرێم و بەغداو سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەحكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەپێی بانگهێشتی پەڕلەمانتاران دەبوو دوێنێ یەك شەممە كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت بەڵام لەسەر داخوازی فراكسیۆنی یەكێتی كۆبوونەوەكە بۆماوەی ٢٤ كاتژمێر دواخرا. 

 


AM:10:37:27/07/2020