وەزیری ناوخۆی عێراق: کازمی ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێم

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی ته‌موزی ٢٠٢٠، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق کرد.

 

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بەتایبەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی  هەرێم و ناوچە سنوورییەکان کرا.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌، وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەو دۆخە سەختە کردووه‌، کە عیراق و هەرێمی کوردستان پیایدا تێپەڕدەبن بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی کە هەماهەنگی و هاوکاری هەردوولای پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. 

وتیشی" مسته‌فا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان". 

لای خۆیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەربڕی لە چوارچێوەی دەستوور بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بن و لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عیراقدا بێت.



PM:08:09:29/07/2020