پۆلیسی سلێمانی: ئه‌و شۆفێره‌ی له‌ژنێكی داو ھه‌ڵھات ده‌ستگیر كرا

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، شۆفێرێک لە ژنێکیداو هەڵهات، پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت" ئەو شۆفێرە لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکرا".

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند" ئەمڕۆ  لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، نزیک سیتییەکانی گۆیژە، ئۆتۆمبێلێک لە ئافرەتێکی داوە دواتر ھەڵھاتووە، دوای گەیشتنی ھێزەکانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەکانی دیکە بۆ شوێنی ڕوداوەکە، ژنەکە گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەڵام بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستدا".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی باس لەوەشکراوە" دواتر ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، توانرا لەماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئازادییەوە ئۆتۆمبێلەکە بدۆزرێتەوەو شۆفێرەکەش دەستگیر بکرێت".

 

ئەوەشخراوەتەڕوو: لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراوەو لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە. 

 
 
 
 


PM:11:41:29/07/2020