بۆ یەکەمجار چاپى پسوڵەى خۆراکى پارێزگاى هەڵەبجە دابەش دەکرێت

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى رایدەگەیەنێت" بۆ یەکەمجار وەک پارێزگایەکى سەربەخۆ پسوڵەى تایبەت بە پارێزگاى هەڵەبجە چاپ کراوە و دواى پشوەکانى جەژن دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت". 

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا  وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، چاپى (2020 - 2021)ى پسوڵەى خۆراکى پارێزگاکان گەیشتە هەرێمى کوردستان و بۆ یەکەمجار وەک پارێزگایەکى سەربەخۆ پسوڵەى تایبەت بە پارێزگاى هەڵەبجە چاپ کراوە و دواى پشوەکانى جەژن دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.

 

وەزارەتى بازرگانى باسى لەوەشکردوە: دواى ئەوەى پسوڵەى خۆراک بۆ ساڵانى (2020 - 2021) لەلایەن وەزارەتى بازرگانى حکومەتى فیدراڵ چاپکرا، ئێستا چاپى نوێى پسوڵەى خۆراکى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان گەیشتونەتە بەڕێوەبەرایەتیەکانى رێکخستنى پسوڵەى خۆراک و دواى وردبینى بەسەر بریکارەکان و دواتر بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێن، ئەوەى جیاوازە لە پسوڵەى خۆراکى ئەمساڵدا، وەک پارێزگایەکى سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە کراوە، ئەوەش دواى هەوڵ و پەیوەندى بەردەوامى وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێم و ستافى تایبەتمەند لە وەزارەت و ئەنجومەنى وەزیران، لەگەڵ وەزارەتى بازرگانى عێراق. کە هەمو ئەو هەوڵە بەردەوامانە بونەهۆى ئەوەى وەزارەتى بازرگانى عێراقى فیدراڵ وەک تاکە وەزارەت بە رەسمى هەڵەبجە وەک پارێزگا بناسێنێت.

 

وەزارەتی بازرگانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت" تائێستا (28122) پسوڵەى خۆراک بۆ پارێزگاى هەڵەبجە چاپکراوە و لە بنکەى رێکخستنى پسوڵەى خۆراک لە هەڵەبجە وردبینى دەکرێت کە بڕیارە دواتر وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى ئەو بنکەیە بکاتە بەڕێوەبەرایەتى بۆ ئەوەى سەرجەم رێکارەکانى هاوڵاتیان لەو بەڕێوەبەرایەتیە ئەنجام بدرێت و پێویست بەوە نەکات هاوڵاتیانى هەڵەبجە بۆ ئەو مامەڵەیە سەردانى سلێمانى بکەن". 



PM:04:39:30/07/2020