ڤیدیۆ.. بەرپرسێکی موخابەراتی سەدام ئازاد دەکرێت و کوتلەکەی حەلبوسی ئاهەنگی بۆ دەگێڕێت

محەمەد خزەیر حەلبوسی بەرپرسی پرۆسە تایبەتەکانی دەزگای موخابەراتی سەردەمی سەدام دوای ١٧ ساڵ زیندانیکردن ئازاد دەکرێت، فراکسیۆنەکەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانیش بە ئاهەنگ پێشوازی لێدەکەن.

 
دوای تەواوکردنی ١٧ ساڵ لە زیندانی ( حوت ) لە شاری ناسریە، محەمەد خزەیز حەلبوسی کە بەهێڵی دووەمی سەرکردەکانی بەعس دەناسراو بەرپرسی ژووری " ئیغتیالیات"  بووە لە دەزگای موخابەراتی سەدام و، بەرپرسە لە کوژرانی دەیان کەسی ئۆپۆزسیۆنی ئەو سەردەمە، کۆتایی هەفتەی رابردوو ئازاد کراو لەلایەن پەرلەمانتارانی پارێزگای روومادیەوە بەگەرمی پێشوازی کرا، دەنگۆی ئەوەش هەیە محەمەد حەلبوسی لە نێوان پێشوازیکاراندا بووبێت.

 
لە ڤیدیۆیەکدا مەراسیمی پێشوازی لە محەمەد خزەیر بڵاوکراوەتەوە کە بەدەیان ئۆتۆمبیلی مۆدیل بەرزی دەوڵەتی عێراق بەدوای یەکدا لە کەژاوەیەکدا پێشوازی لێدەکەن.


محەمەد خزەیر حەلبوسی بە سندوقە رەشەکەی سەدام و حیزبی بەعس ناوزەد دەکراو بە فەرمانی ئەو چەندان کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن تیرۆر کراون لەوانە تالب سوهەیل کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و باوکی سەفیە سوهێل، ژنە سیاسی و چالاکوان کە ئێستا باڵوێزی عێراقە لە ئیتالیا.

 


PM:11:45:31/07/2020