لەبارەی سەندنی ١٠٠ هەزار دینار لەهاتن‌و چوونی گەشتیاران لەفڕۆکەخانەکانی کوردستان، " سپی " زانیاری ورد بڵاودەکاتەوە

هەر گەشتیارێک دێتە کوردستان، یان کوردستان جێدەهێڵێت پشکینی کۆرۆنای بۆ دەکرێت و لە هەردوو حاڵەتەکەدا ١٠٠ هەزار دینار لێ دەسێندرێت، " سپی " زانیاری زیاتر بڵاودەکاتەوە.


لەبارەی ئەو بڕەوە کە هەندێک گەشتیار پرسیاریان لەلا دروستبووە، ماڵپەڕی " سپی " پەیوەندیکردن بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی، د. رەنج ئەنوەر، ئەو لەلای خۆیەوە لەبارەی ئەو پارەیەی وەردەگیرێت لەوانەی گەشت دەکەن و بۆ کوردستان و کوردستان جێدەهێڵن، وتی " لە هەردوو حاڵەتەکەدا لەبەر پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە، ئەوانەی دێنە کوردستانەوە لەبەرئەوەی تێکەڵ هاوڵاتیان و کەسوکاری خۆیان دەبنەوە، پێویستە لە سەلامەتیان لەڕووی تەندروستی و بەتایبەتی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دڵنیابینەوە، بۆیە پشکنینیان بۆ دەکرێت".


لەبارەی ئەو گەشتیارانەی لە کوردستانەوە سەفەر بۆ دەرەوەی هەرێم دەکەن، د. رەنج ئەنوەر کە پسپۆریشی هەیە لە پزیشکی فڕۆکەوانیدا، وتی " بۆ ئەو کەسانەش کە گەشت دەکەن دەبێت دڵنیابین کە تووشی ڤایرۆسەکە نەبوون، چونکە ئەگەر تووشبووبن هەر لەو ساتەوەی کە دەیانەوێت بێنە فڕۆکەخانە تا نێو فڕۆکەکەو هەموو ئەو شوێنانەی دەچن مەترسی دروست دەکەن لەسەر هاوڵاتیان، هەروەها مەترسی دورستدەکەن لەسەر ئەو وڵاتەی سەفەری بۆ دەکەن، بۆیە دەبێت پشکنین ئەنجام بدەن و ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسکە بوو، ئەوا ناهێڵین سەردانی فڕۆکەخانەش بکات و سەفەر بکات، هەربۆیە پشکنینەکە زۆر پێویستە".

 
دەربارەی نرخی ئەو پارەیەی لە هەر کەسێکی وەردەگیرێت کە گەشت دەکات و بڕەکەی ١٠٠ سەد هەزار دینارەو، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە لە ڕێکەوتی ٢٣ی تەموزی ٢٠٢٠ بڕیاری لەسەر دراوە، لە کاتێکدا تێکڕای پشکنینەکە  بەپێی زانیاری " سپی " نزیکەی ٣٠ دۆلاری تێدەچێت، د. رەنج ئەنوەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو برە پارەیەی دەسێندرێت، جگە لە پشکنینی تەندروستی ڤایرۆسەکە، هاوکات لەبری  تێکڕای وردەکاری ئەو پێدوایستییە تەکنیکی و لۆجستیانەیە کە لە ئامێر و کارمەند و پێدواییستی تر کە پشکنینەکە دەیەوێت، وەردەگیرێت.

 
ئەمڕۆ ١ی ئاب گەشتە ئاسمانییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بۆ ناوخۆی وڵات و دەرەوەی عێراق دەستیپێکردەوە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستی تەندروستییەوە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا.

 


PM:02:38:01/08/2020