لەیادی کارەساتی شەنگال، مەسرور بارزانی داوا دەرکردنی " میلیشیاکان " دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە یادی کارەستای ئێزیدیەکان و داگیرکردنی شەنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، لە پەیامێکدا داوای دەرکردنی میلیشیاکان دەکات و داوای هەماهەنگی حکومەتی هەرێم و بەغدا دەکات بۆ پاراستنی ناوچەکە.

 

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان: 


"لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە خەم و کۆڤانەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە کە لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران مرۆڤی بێتاوان دووچاری کۆمەڵکوژی و ڕفاندن و ئاوارەبوون بوونەوە.


کۆمەڵکوژی شنگال و دەوربەری، بە یەکێک لە دڕندانەترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخدا، کە بە شێک بوو لە هێرشی بەرفراوانی تیرۆریستان لە دژی گەلی کوردستان. سەرەڕای هەموو ئەو کارەسات و فەرمان و کۆمەڵکوژییانەی ڕووبەڕووی خوشک وبرایانی ئێزدی بووەتەوە، بەڵام بەردەوامن لە بەرگریکردن لە زمان و ناسنامە و کولتوور و ئاینی خۆیان.


لەم یادە خەمناکەدا، پێویستە بەڕێزەوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەینەوە لە ڕزگارکردنی شنگال و دەوروبەری بە سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەروەها ستایشی هەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەین لە بە هاناوەچوونی خوشک و برا ئێزدییەکانمان.  پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بە شێوەیەک کە هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان لە شنگال نەمێنن و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە.


حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی ئەو ڕفێندراوانەی تا ئێستا ماون، کە ژمارەیەکی زۆریان پێشتر بە هەوڵی حکومەتی هەرێم ڕزگارکراون. هەروەها داوا دەکەین حکومەتی فیدراڵی، قەرەبووی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات، بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان  .


سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان .


مەسرور بارزانی


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان"



AM:08:38:03/08/2020