" پەیڕەوی ناوخۆی نوێی یەکێتی بڵاودەکرێتەوە، دواتر لەژێر فشاردا کۆدەکرێتەوە"

پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لەکۆنگرەی چواردا بڕیاری لەسەر درا، چاپدەکرێت و لە ناو هەندێک لە ئۆرگانەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاودەکرێتەوە، بەڵام لە ژێر فشاری ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی دا سەرلەنوێ کۆدەکرێتەوە.


ماوەیەک لەمەبەر ئەو پەیڕەوی ناوخۆیەی لەکۆنگرەی چواری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیار لەسەر هێڵە گشتیەکانی دراو، دواتر لیژنە بۆ داڕشتنەوەی دانرا، بەڕێژەیەک بەسەر رێکخستنەکانی یەکێتی دا دابەشدەکرێت، بەڵام دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی کە کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتی دەکات و ئەندامانی پێشووی مەکتەبی سیاسی ئەندامن تیایدا، پێیدەزانن، فشار دەخەنە سەر هاوسەرۆکانی یەکێتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی نوێ تا کۆیبکەنەوە.


بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی بۆیە فشاری خستۆتەسەر هاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسی نوێی یەکێتی، چونکە بەدوور و نزیک لەو پەیڕەوی ناوخۆیەدا باس لەدەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی نەکراوە، ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانی ئەندامانی ئەو دەستەیە.

 
دوای ئەو فشارانە، هاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیار بە کۆکردنەوەی ئەو رێژەیە لە پەیڕەی ناوخۆ دەدەن کە بەسەر ئۆرگانەکاندا بڵاوکرابووەوە.


تا ئێستا رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان هاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسی نوێی یەکێتی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی نەکراوە لەسەر دەسەڵاتەکانی ئەو ئەنجومەنەو بە تەواوەتی ئەو پرسە یەکلایی نەکراوەتەوە.  




PM:09:54:03/08/2020