وەزارەتی سامانە سرووشتیەكانی هەرێم: هەڕەشەكانی بەغدا نامانوەستێنێت

‌لۆگۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان
وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم رایدەگەیەنێت، وەزارەتی نەوتی عێراق حكوومەت‌و پەرلەمانی عێراق چەواشە دەكات، هاوكات كۆمپانیاكانی نەوتیش دڵنیا دەكاتەوە كە هەناردەی نەوت ناوەستێت.
پاش ئەوەی حكومەتی عێراق رایگەیاند سكاڵای یاسایی لە دژی توركیا تۆمار دەكات بەهۆی رەزامەندی دەربڕین لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم، وەڵامی بەغدا دەداتەوە ڕایدەگەیەنێت "ئێمە هەموو كۆمپانیاكانی نەوت دڵنیا دەكەینەوە كە ئەم هەڕەشانەی وەزارەتی نەوتی عێراقی بە هیچ شێویەك هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات ناوەستێنێ".
لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم بە توندی هێرش دەكاتە سەر وەزارەتی نەوتی عێراق‌و بە پێشێلكاری دەستووری عێراق تۆمەتباری دەكات‌و دەڵێت "وەزارەتی نەوتی عێراق بە بەردەوامی زانیاریی هەڵەی بە حكوومەتی عێراقی داوە دەربارەی سرووشت‌و رێژەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان".
 كۆتایی هەفتەی رابردوو هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەكانی جیهان دەستی پێ كرد، حكومەتی عێراقیش پێشتر هۆشداری دابووە هەرێمی كوردستان‌و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت، ئەگەر نەوتی هەرێم بەبێ رەزامەندی بەغدا بفرۆشن، ئەوا دەرئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە.



AM:10:55:26/05/2014