"سوكایەتی بەكورد رابگرن"
سپی میدیا كەمپینی بۆ دەكات‌و پەرلەمانیش گفتوگۆی لەبارەوە دەكات

لەدژی بابەتێكی كونسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی كە تێیدا دژی كورد بابەتەكەیان بڵاوكردۆتەوە، ژمارەیەك لەمامۆستای زانكۆ كەمپینێك لەرێی ماڵپەڕی سپی میدیاوە بەناونیشانی "سوكایەتی بەكورد رابگرن"، رادەگەیەنێت؛ لەئێستاشدا چین‌و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگا بەشداری كەمپینەكەیانكردووەو پەرلەمانی كوردستانیش ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لەبارەوە دەكات.
سەرەتا ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆی ڕاپەرین لەدژی ئەو بابەتەی كونسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی، لەژێر ناونیشانی ( تێڕوانینێك بۆ پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق)  لە ماڵپەری كونسوڵخانەدا دژی كورد بڵاویانكردەوە، لەرێگای ماڵپەری سپی میدیاوە كەمپینێكی ئیمزا كۆكردنەوەیان راگەیاند.

ئەمە دەقی بەیاننامەكەیانە:
"سوكایەتی بەكورد ڕابگرن"
لە چەند ڕۆژی ڕابردودا كۆنسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی لە ماڵپەڕی خۆێدا، بابەتێكی لەژێرناوی "تێڕوانینێك بۆ پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق" بڵاوكردوەتەوە. ئەگەرچی لە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتی ئێران و هەرێمی كوردستان دەدوێ، بەڵام لەم ڕێگەیەوە گەورەترین سوكایەتی بە نەتەوە و زمانی كوردییەوە كردوە، بەجۆرێك مێژو و سەروەرییەكانی گەلەكەمانی هەراج كردوە و شكۆی نەتەوەییمانی شكاندوە، و زمانی نەتەوەییمان، كە زادەی مانەوەی گەورەترین گەلی بێ دەوڵەتە لە جیهان، بە بەشێك لە زمانی فارسی دەزانێت و پێیان وایە كوردی زمان نییە. 
ئێمە لەكاتێكدا سەرلەبەری بۆچونەكانی كۆنسوڵخانەكە و دەوڵەتی ئێرانیش ڕەتدەكەینەوە، و پێمانوایە ئەم جۆرە بابەتانە ئەوجی بێڕێزی و بێمۆڕاڵی خاوەنەكانیان پیشانی مرۆڤایەتی و پێكەوەژیان و هاوسێیەتی گەلان دەدات. لە هەمانكاتیشدا داوای هاتنەدەنگی پارلەمان وسەرۆكایەتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارت و ڕێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان و زانكۆ و دامەزراوە ئەكادیمییەكان و سەرجەم كوردێكی بەشەرەف دەكەین، كە لە ئاست وا بێڕێزییەك بێنەدەنگ و بە هەمو شێوازەكانی پڕۆتێستۆكردن بەرەنگاری وەها بۆچونێكی شۆڤێنیانە ببنەوە و بەرگری لە سەروەری مێژو و زمان و كلتوری نەتەوەی كورد بكەن. 
بۆ ئەم مەبەستە، بەشێك لە مامۆستایانی  زانكۆی ڕاپەڕین/ڕانیە، كەمپەینێكی ئەلیكترۆنی ڕادەگەیەنیین، بە ناوی "سوكایەتی بە كورد ڕابگرن"، و داوا لە هاونیشتمانیان دەكەین بە پشتیوانیان لەم كەمپەینە بەرگری لە گەلی كورد و خاك و مێژو و زمانەكەمان بكەن.



AM:11:10:26/05/2014