دوو هاووڵاتیی كورد سزای ١٤ ساڵ به‌ندكرانیان به‌ سه‌ردا سه‌پێندرا

دوو هاووڵاتیی کورد لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی سیخوڕی سزای ١٤ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بە پێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە رۆژانی رابردوودا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی "نەوید (رێبوار) سەید محەمەدی" و خالید سەید محەمەدی" کە ئامۆزای یەکترن، لە لایەن دەزگای داودوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ وڵاتە دژبەرەکان" هەر کامەیان سزای حه‌وت ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە رۆژی شەممە ٢ی ئابی ٢٠٢٠، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون. رێبوار سەید محەمەدی، هەواڵنێری فەرمانداریی پیرانشار و دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامییە.

ئەو دوو هاووڵاتییە پاش دەستبەسەرکران گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورومیە و دوو هەفتە لەمەوبەر پاش کۆتایی لێکۆڵینەوەکان گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە و ئێستا لەو بەندیخانەیەدان.


AM:09:32:06/08/2020