خانمە بێژەری دیاری کەناڵی کوردستان ٢٤ "تروسکە سادق" دەستی لەکارکێشایەوە.
تروسکە سادق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئاشکرایکرد" دوای ماوەی ٥ ساڵ کارکردن لە کەنالی کوردستان٢٤ وەکوو بێژەرو هەواڵنووس لەسەرەتای ئەم مانگەوە کۆتاییم بە هاوکاریکردن لەگەڵ کوردستان٢٤ هێنا".
وتیشی" کوردستان٢٤ ئەزموونێکی کەم وێنە لە تەمەنی رۆژنامەوانی مندا بوو، زۆر شت لەو دەزگایەو بەتایبەت لە هاوکارەکانم فێربووم و هیوادارم خۆشم توانیبم ئەزموون و زانستی خۆم لەو بوارەدا لەگەڵ هاورێ و هاوکارەکانم بەش بکەم".
لە دایکبووی ساڵی 1992، خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. قۆناغی سەرەتایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو کردووە و بەهۆی چالاکی سیاسی خێزانەکەیەوە قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی لە هەولێر تەواو کردووە.
دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵ لە زانکۆی سەلاحەددینە. خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبییە، لە رۆژهەلات و باشووری کوردستان بەهۆی چالاکییە ئەدەبییەکانەوە چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. لە قۆناخی پێنجی دواناوەندی، سێ کتێبی لە ئاستی منداڵان و مێرمنداڵان لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی. بەر لە چوونی بۆ زانکۆ بەهۆی حەزی بە نووسین و کاری میدیاوە دەستی بە کارکردن کردووە لە بواری ڕاگەیاندن و یەکەم وێستگەی کارکردنی ڕادیۆی دەنگی کوردستان بووە. دواتر لە ڕادیۆ هێلینی سەر بە سکرتارییەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، دوو بەرنامەی پەیوەست بە پرسی ژنان و پرسە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئامادەکار و پێشکەشکار بەرێوە بردووە. بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کەناڵی ئاسمانی هەولێر تیڤی بەرنامەیەکی راستەوخۆی سیاسیی هەفتانەی پێشکەش کردووە.
لە ساڵی 2014 وەک بێژەر، پێشکەشکار و نووسەر لە کوردستان 24 کار دەکات، دامەزرێنەری رێکخراوی زێد بۆ پرسی کۆمەڵایەتی و سیاسیە و هاوکات چەندین وتاری سیاسی و کۆمەلایەتی لە ماڵپەرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بڵاو کردۆتەوە و لەسەر پرسە سیاسییەکانی پەیوەست بە کوردستان و دۆخی ژنانی کورد.