عێراق مەترسی تەقینەوەی هاوشێوەی لوبنان لە دەروازە سنوریەکانی دەکات

حکومەتی عێراق مەترسی هەیە هاوشێوەی لوبنان لە دەروازە سنوریەکانی ولآتەکەی تەقینەوە روو بدات، هەربۆیە زوو کەوتە خۆی و رێوشوێنێ توندی گرتە بەر.

 

لە راگەیاندنێکدا بەڕێوەبەری دەروازە سنورییەکانی عێراق عومەر عەدنان بڕیاری دەرکرد کە لیژنەیەک بۆ پشکنین و بە دواداچوون و زانینی هەموو ئەو مادانە دروستبکات کە مەترسی تەقینەوەیان لێدەکرێت لە دەروازە سنوریەکان لە کۆگا و گەنجینەکان دانراون.

 

بەپێی راگەیاندنی بەڕێوەبەری دەروازە سنوریەکان، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەو پرۆسەی پشکنینەی لە دەروازە سنوریەکان ئەنجام دەدرێت.

 

ئەو لیژنەیە دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا راپۆرتی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەروازە سنوریەکان ئامادە بکات، ئەوانیش ئەو رێوشوێنانە دەگرنە بەر لە دوورخستنەوەی ئەو مادانەی کە مەترسی تەقینەوەیان لێدەکرێت بۆ شوێنی دوورە دەست و مەحکەم.

 

نەزانراوە ئایا ئەو رێوشوێنانە دەروازە سنوریەکانی هەرێمیش دەگرێتەوە کە زیاتر لە ١٢ دەروازەی گەورەو بچووکە، یان هەرێم خۆی دەبێت رێوشوێن گرێتە بەر.

 

رۆژی چوار شەممە ٥ ی ئاب تەقینەوەیەکی گەورە لە دەروازەی بەیروتی پایتەختی لوبنان روویداو نزیکەی ١٥٠ قوربانی لێکەوتەوەو، چوار هەزار کەسیش برینداربوون و بەشێکی گەورەی ئەو شارەی وێنران کرد.

 



AM:08:38:07/08/2020