د.داهات حەوێزی: لە سلێمانى ڕێژەی تووشبوون و گیان لەدەستدان بەكۆرۆنا كەمبووەتەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە كۆرۆنا ڕایدەگەیەنێت" مانگی ڕابردوو دۆخی نەخۆشخانەكانی سلێمانی زۆر خراپ بوون، بەڵام ئێستا ڕێژەی تووشبوون و گیان لەدەستدان زۆر كەمبووەتەوە".

 

د.داهات حەوێزی بەڕێوەبەری نەخۆشخانی جمهوری سلێمانی لەبارەی دۆخی ئێستای نەخۆشخانەكەیان كە تایبەتە بە كۆرۆنا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" ڕایگەیاند" مانگێك پێش ئێستا وەزعی نەخۆشخانەكانی سلێمانی زۆر خراپ بوو، بەتایبەتی نەخۆشخانەی جمهوری رۆژانە ۱۲۰ نەخۆشی تیا بوو، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا رێژەی تووشبوون و داخڵ بوون و گیان لەدەستدان زۆر كەمبۆتەوە".

 

وتیشی" دوێنێ تەنها ٤٨ نەخۆش ماوەتەوە لە نەخۆشخانە، دوێنێ ۲۱ نەخۆش چاكبونەتەوە و دەرچوون و هیچ كەسێك لە جمهوری گیانی لەدەستنەداوە". 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو: نەخۆشخانەكەمان نەخۆشی هەموو شارەكانی تیایە، جگە لە سلێمانی و دەوروبەری، نەخۆشی كەركوك و خانەقین و بەغدا و شارەكانی تریشمان لایە.

لەبارەی چارەسەرەكانیش بۆ توشبووانی كۆرۆنا دەڵێت" ئەو چارەسەرانەی زۆر پشتی پێدەبەستین بریتین لە پلازمای خوێن، دەرزی بەرگری و حەبی فاڤیپیراڤیرو چارەسەری تایبەتی هەوكردن". 

هەروەها د.داهات حەوێزی سوپاسی پزیشك و كارمەندە دڵسۆزەكانی نەخۆشخانەكەی دەكات و داواش لەهاوڵاتیان دەكات پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن. 

 


PM:01:20:07/08/2020