ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت" تا ئێستا به‌غدا و هه‌رێم، نه‌گه‌یشتونه‌ته هیچ رێككه‌وتنێك و ئه‌وه‌ی وترا گوایه دوای جه‌ژن عیراق بڕی 300 ملیار دینار ده‌نێردرێت بۆ هه‌رێم ته‌نها جۆرێكه له دڵخۆشكردنی خه‌ڵك".
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ی من ئاگادار بم تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غدا نه‌گه‌یشتوونه‌ته هیچ رێككه‌وتنێك، هیچ رێكه‌وتنێك له‌سه‌ر پاره نه‌كراوه ئه‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان باسی لێوه‌كردووه كه گوایه دوای جه‌ژن 300 ملیار دینار ده‌نێردرێت له ئه‌نجامی رێكه‌وتنێكدا، به‌بڕوای من ته‌نها جۆرێكه له دڵخۆش كردنی خه‌ڵك".
وتیشی" ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كیانه‌ی كه ناردنی پاره‌ی لێوه به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت كه بریتییه له یاسای بودجه تائێستا یاسای بودجه‌مان نییه، بریتییه له‌یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی، له یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی له‌مادده‌ی 27 بڕگه‌ی 5 دا باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌گه‌ر پارێزگا و هه‌رێمه‌كان نه‌وت راده‌ست نه‌كه‌ن ئه‌وا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پشكیان نابێت له داهاتی عیراقدا، ئه‌و داهاته‌ش ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌دا بێت چونكه له‌مادده‌ی 14 له‌هه‌مان یاسا باس له‌وه ده‌كرێت كه ناكرێت له‌گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت هیچ پاره‌یه‌ك خه‌رج بكرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی "ته‌خصیص" بكرێت واته لایه‌نی یاسادان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه ده‌دات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "ئه‌وه‌ی كه باس ده‌كرێت ته‌نها ده‌نگۆیه‌كه و تائێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته هیچ ڕێكه‌وتنێك، بڕوام وایه هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی بتوانێت رۆژه‌كان به‌سه‌ر به‌رێت بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێك له ئومێد بدات به چاوه‌ڕوانیه‌كانی هاوڵاتیان ئه‌و ده‌نگۆیانه بڵاوده‌كاته‌وه ئه‌گه‌رنا تائێستا هیچ جۆره رێكه‌وتنێك نه‌كراوه ئه‌وه‌ی من ئاگاداربم".
به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه كرا نه‌ك حكومه‌ت، هه‌فته‌ی رابردوو پێش جه‌ژنی قوربان سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له كه‌ناڵی ئێن ئاڕتی، رایگه‌یاند: "له‌سه‌ردانێكیدا بۆ شاری به‌غدا چاوی كه‌وتووه به سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی و به‌رپرسانی دیاری عیراق، ته‌وه‌ری مووچه و بژێوی خه‌ڵك یه‌كێك بووه له‌بابه‌تی گفتوگۆكانیان، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ئه‌وه‌شی وت" ئه‌وه‌نده‌ی من تێگه‌یشتووم دوای جه‌ژن به‌غدا مانگانه بڕه پاره‌یه‌ك له‌نێوان (300-400 ملیار دینار) ده‌نێرێت بۆ هه‌رێم بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران".
به‌ڵام ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له وه‌ڵامدا ره‌تیده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: "من نازانم له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌و قسه‌یه‌ی كردووه چونكه ئێمه كۆمه‌ڵێك یاسامان هه‌یه له عیراق ئه‌و یاسایانه نهكازمی و نه غه‌یری كازمی ناتوانێت لێیان لابدات، مادده‌ی 27 له یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی، مادده‌ی 14 له‌هه‌مان یاسا، یاسای بودجه كه له مادده‌ی 61 و بابه‌ته‌كانی ده‌ستووردا هاتووه، له‌مادده‌ی 110ی ده‌ستووردا هاتووه ناكرێت خه‌رجی هیچ پاره‌یه‌ك بكرێت به‌بێ چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی، چوارچێوه یاساییهكهش بودجه‌یه، من ده‌مه‌وێت ئه‌و قسانه‌ی كهدهیكهم قسه‌ی "عاتفی و سۆزداری" نه‌بێت و قسه‌ی یاسایی بێت ئه‌و قسانه بێت كه پێویسته خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گوێیان لێبێت".
ده‌شڵێت: "من پێم وایه عیراق هه‌وڵی ماندوو كردنی هه‌رێم ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی مانا ته‌سلیم ببێت به‌و ئیراده‌یه‌ی كه له‌ئێستادا حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی و، كازمی ده‌یانه‌وێت چونكه ئه‌و هه‌ڵه كوشنده‌یه‌ی كه سیاسیه‌كانی هه‌رێم ئه‌نجامیاندا پشتگیری كازمی-یان كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاغه‌زێكی نوسراو له‌نێوانیاندا هه‌بێت راسته‌وخۆ له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه به‌پشتگیری هه‌موو هێزه سیاسییه كوردییه‌كان پشتگیریان له دانانی مسته‌فا كازمی كرد كه‌ئه‌وه خۆی بۆ خۆی هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌بوو، ئێستا كازمی و حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌وڵی گه‌مه‌یه‌ك ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا بۆ ئه‌وه‌ی دوا هه‌ڵوێستی هه‌رێم یان دوابهرگری هه‌رێم كۆتایی پێبێت و ئاماده بێت هه‌موو ئه‌و ئه‌جێندانه‌ی كه عیراق ده‌یه‌وێت هه‌رێم جێبه‌جێیبكات له راده‌ستكردنی نه‌وت و راده‌ستكردنی خاڵه سنوورییه‌كان له جێبه‌جێكردنی هه‌موو بڕیارانه‌ی كه له‌ناو یاسا كارپێكراوه‌كانی عیراقدا هه‌یه، بۆیه به‌بڕوای من له ئێستادا عیراقیش ده‌ستی ده‌ستی به هه‌رێمی كوردستان ده‌كات".
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید وتیشی: "هاوسه‌نگی و لاسه‌نگی له سیاسه‌تدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆكیۆمێنت و رێككه‌وتنه‌كان ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان و سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پشتگیریه بێ قه‌ید و شه‌رته‌یان بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی ده‌ربڕی و دژایه‌تیان له‌گه‌ڵ دوو كاندیده‌كه‌ی پێشوودا كرد، هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده بووئهوه باجه‌كه‌یه‌تی كه ده‌یده‌ن".
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: "تائێستا بابه‌تی مووچه دیار نییه چونكه هه‌رێمی كوردستان ئاماده نییه هیچ رێكه‌وتنێك بكات، هه‌رێمی كوردستان سووره له‌سه‌ر ئه‌و نا ئیلتزامییهی كه له‌وه‌وپێش هه‌یبووه كه كاتی خۆی له چوارچێوه‌ی بودجه‌ی 2019، داوامانكرد له‌هه‌رێمی كوردستان كه نه‌وت راده‌ست بكات بۆ ئه‌وه‌ی تووشی ئه‌م قه‌یرانه نه‌بین، داوامانكرد یاسا كارپێكراوه‌كان كه به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كان و وه‌زیره‌كانی ئه‌و دوولایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات كه له‌ناو وه‌زاره‌تدا بوون و ئه‌وان یاساكانیان ده‌نارد بۆ په‌رله‌مان كهتێدهپهڕێنرا، داوامان لێ‌كردن كه پابه‌ندبن به‌و یاسایانه‌وه بۆیه ئێستا باجی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه پابه‌ندنه‌بوون به‌و یاسایانه‌وه، ئه‌و یاسایانه له كاتێكدا تێپه‌ڕێندرا كه‌ئه‌و دوو هێزه سیاسیه وه‌زیریان هه‌بووه و گرنگترین وه‌زاره‌تیشیان له‌ده‌ستدا بووه".
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وان ناتوانن له حكومه‌تی هه‌رێم بپرسن سه‌باره‌ت به‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، له‌و رووه‌وه ده‌ڵێت: "ئێمه به‌حوكمی ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵیین هیچ په‌یوه‌ندیه‌كمان نییه له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا و ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ش نییه له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بپرسین. ئه‌وه‌ی كه ئێمه بیستوومانه ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی كه له‌وه و پێش به‌رده‌وام بووه تائێستا به‌رده‌وامه به‌تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌ی نه‌وتدا ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی كه له خاڵه گومرگیه‌كان هه‌بووه تائێستا به‌رده‌وامه، خاڵه گومرگیه‌كان له‌لایه‌ن حزبه‌وه به‌كار ده‌هێنرێت مانگانه زیاتر له 150 ملیۆن دۆلار به‌ناوی كۆمپانیای حزبیه‌وه وه‌رده‌گیرێت كه ئه‌مه قسه‌ی من نییه قسه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستانه له‌فراكسیۆنه جیاوازه‌كان كه‌واته ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی كه له‌وه‌وپێش هه‌بووه، هه‌ر به‌رده‌وامه بۆیه ئه‌و داهاته‌ی كه ده‌ست هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت به‌قسه‌ی خۆی، له‌به‌رئه‌وه‌ی سوپایه‌ك خه‌ڵكی كردووه به مووچه‌خۆر، ئه‌وا ناتوانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكات بۆیه ته‌حه‌مولی ئه‌و لێپرسراویه‌ته ئه‌م حكومه‌ته تازه و ئه‌و حكومه‌ته‌ی پێشوو ده‌یكات كه‌نه‌یان توانی ستراتیژێكیان هه‌بێت بۆ باری دارایی هه‌رێمی كوردستان".
پێشتر سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاندبوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند له‌سه‌ر شته مهبدهئییهكان گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتن هه‌ندێك ورده‌كاری ماوه كه‌به‌م زووانه ئه‌ویش ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ده‌ڵێت: "ئه‌مه قسه‌یه‌كی سیاسییه و هه‌میشه ئه‌م بابه‌ته ده‌وترێت له ساڵی 2015 دا گه‌یشتنه رێكه‌وتن و جێبه‌جێ نه‌كرا، له 2012 گه‌یشتنه رێكه‌وتن و جێبه‌جێ نه‌كرا، له 2019 وه تا ئێستا رێككه‌وتن كراوه به‌ڵام رێكنه‌كه‌وتن رێكه‌وتنه‌كه كۆتایی هات، خاڵی مه‌بده‌ئی بریتییه له ده‌ستوور به‌ڵام هیچ كامیان ئاماده نین له‌ورده‌كاریدا، خۆی هه‌میشه مه‌بده‌ئیه‌ن رێكه‌وتوون به‌ڵام كێشه‌كه له وردهكاریهكهدا هه‌یه، ئه‌وه قسیه‌كی زۆر راسته به‌ڵام خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی ده‌یه‌وێت تائێستا نه‌گه‌یشتوونه هیچ رێكه‌وتنێك".
"هه‌رێمی كوردستان ئاماده نییه نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، بۆیه حكومه‌تی عیراقیش ئاماده نییه هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بنێرێت ئه‌وه خاڵی جه‌وهه‌رییه، بابه‌تی خاڵه گومرگیه‌كان ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌شه له ده‌ستووردا، هه‌رێم ئاماده‌یه ئه‌و هاوبه‌شه به‌كار بهێنێت به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له خاڵه گومرگیهكاندا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی یه‌كلابوه‌ته‌وه بۆ كۆمپانیا حزبیه‌كان كه له‌وێ كار ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی تێدایه كه دیوانی چاودێری دارایی بێته ئه‌وێ به‌ڵام دواجار رێكنه‌كه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی كه بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه بۆهه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت چه‌نده". ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید وایوت.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ندجار رایگه‌یاندووه ئاماده‌یه نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكات به‌مه‌به‌ستی رێككه‌وتن، له‌وه‌ڵامدا ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ده‌ڵێت: "ئه‌وه ته‌نها قسه‌یه‌ك بووه ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه چوونه‌ته به‌غدا ئاماده‌ییان ده‌رنه‌بڕیووه كه نه‌وت راده‌ست بكه‌ن، به‌ڵكو وتویانه داهاتی نه‌وت راده‌ستی به‌غدا ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش وه‌زیری نه‌وت زۆر به‌ڕاشكاوی پێی ووتوون ده‌بێت له هه‌موو عیراقدا ته‌نها یه‌ك سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌بێت و ته‌نها یه‌ك لایه‌ن كۆنتڕۆڵی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بكات چونكه ئه‌وه له‌مادده‌ی 110ی ده‌ستووردا، رێكخستنی سیاسه‌تی بازرگانی تایبه‌ته بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵی كه ده‌بێت پابه‌ندبن به‌بڕیاره‌كانی (ئۆپێك) ه‌وه-كه ملیۆنێك و شه‌ست و یه‌ك هه‌زار به‌رمیل كه‌م بكه‌نه‌وه له‌مه‌ودوا، ده‌بێت هه‌رێم "سێ سه‌د و ئه‌وه‌نده هه‌زار به‌رمیل" كه‌م بكاته‌وه كه ئه‌وه‌ش بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر قورس ده‌بێت بۆیه تائێستا نه‌یان توانیووه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌وت كه خاڵی سه‌ره‌كییه رێكبكه‌ون".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده سه‌باره‌ت به پێشبینی بۆ رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ڵێت: "ناتوانم بڵێم ره‌شبینم به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه من قسه‌م له‌گه‌ڵدا كردوون له سیاسیه‌كانی عیراق و هه‌ندێك له سیاسیه‌كانی هه‌رێم، ماوه‌ی نێوانیان دووره، سه‌قفی داواكاری هه‌ردوو لایان به‌رزه و قابیلی جێبه‌جێكردن نییه، هه‌رێمی كوردستان داوای زیاتر له 600 ملیار دینار ده‌كات عیراقیش ئه‌و بڕه پاره‌یه به زۆر ده‌زانێت له‌به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنی نه‌وت و خاڵه گومرگیه‌كان".